ناوەڕۆکی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاشکرا دەکرێت

K24 - هەولێر

تاوەکو ئێستا نێوەندگیرەکان هەوڵی دانوستان و راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەدەن، هاوکات هەندێک پیشنیازی ئاگربەست و چۆنیەتی گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکانیش لەلایەن کەناڵێکی ئیسرائیلی ئاشکرا کران.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری "مۆساد"ـی ئیسرائیلی دەیڤید بارنی، بەڵگەنامەیەکی پێشکەشی ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل کردووە، کە رەنگە رێککەوتنێک بکرێت لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەکان، ئەویش دەبێت حەماس 35 بارمتەی ئیسرائیلی لە پیاو و ئافرەت و بەتەمەنەکان ئازاد بکات، لەبەرامبەردا دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن و 35 رۆژیش شەڕ رادەگیرێت، واتە ئازادکردنی یەک بارمتە بەرامبەر یەک رۆژ ئاگربەست دەبێت.

لە پێشنیازەکەدا هاتووە، دەتوانرێت هەفتەیەک بۆ ئاگربەستە 35 رۆژییەکە زیاد بکرێت، ئەمەش لە پێناو ئازادکردنی زیاتری دیلەکان و راگرتنی شەڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی بووەتە مشتومڕی لایەنی ئیسرائیلی ژمارەی زیندانییە فەڵەستینییەکانە، کە ئیسرائیل دەبێت چ جۆرە زیندانییەک ئازاد بکات.

رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنوت، ئێوارەی دوێنێ رایگەیاند، حەماس جەخت لەسەر سێ ناوی ناسراو دەکاتەوە لە رێککەوتنەکەی داهاتوودا، ئەوانیش، "مەروان بەرغوسی، ئەحمەد سەعدات و عەبدوڵڵا بەرغوسی"ـیە.

رۆژنامەکە راشیگەیاند، سەبارەت مەروان بەرغوسی لە ساڵی 2002ەوە لە ئیسرائیل دەستگیر کراوە، کە بەتۆمەتی پلاندانان و جێبەجێکردنی کوشتنی پێنج ئیسرائیلی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، پێنج جار داگایی کراوە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی و 40 ساڵ.

بەڵام ئەحمەد سەعدات، سکرتێری گشتی بەرەی گەل بووە، کە پلانی کوشتنی وەزیری ئیسرائیلی "رەحبعام زائیفی لەساڵی 2001 داناوە. کە ئیسرائیل لەساڵی 2011 رەتی کردەوە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا ئازادی بکات.

رۆژنامەکە لەبارەی عەبدوڵڵا بەرغوسی دەڵێت: ئەو یەکێکە لە سەرکردەکانی سەربازی حەماس لە کەناری رۆژئاوا، کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

لە 24ـ11- 2023، بەنێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەدوو جار درێژکردنەوە ماوەی هەفتەیەکی خایاند و بەدەیان بارمتە و دیل ئازاد کران.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 26 هەزار کەس کوژراون، هەروەها زیاتر لە 65 هەزار کەسیش بریندار بوون.