ئۆستن: لەکاتی دیاریکراوی خۆمان وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت
K24 – هەولێر:
وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران سەربازانی ئێمەیان کووشتووە، لەکاتی دیاریکراوی خۆمان وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی شووباتـی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران سەقامگیری ناوچەکەیان تێکداوە.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، سەرۆکی ئەمریکا و هەروەها خۆشم لە هێرشکردنە سەر سەربازانی وڵاتەکەمان خۆشنابین و هاوکارانمان لە لەلایەن گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران کە لە سووریا چالاکی دەکەن کوژران.
باسی لەوەشکرد، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو و پارەدارکراو لەلایەن ئێران هەوڵیانداوە زیاتر سەقامگیری تێکبدەن، وەک حووسییەکان کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمە ساتێکی مەترسیدارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لۆید ئۆستن، ئەوەشی خستەڕوو، کار دەکەین بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە، بەڵام هەموو رێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانمان و خەڵکانمان دەگرینەبەر.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لەبارەی دۆخی تەندروستی خۆی رایگەیاند، نامەوێت لێتانی بشارمەوە من رۆژی (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەردانی نەخۆشخانەم کرد و هەندێک چارەسەرم وەرگرت، لەوێدا بۆم دەرکەوت کە شێرپەنجەکەم لە قۆناغێکی دیکەیە، دوای ئەوە تەندروستیم باشتر بوو.
لۆید ئۆستن، راشیگەیاند، کاتێک من لە بەشی چاودێری چڕ بووم، ئەو کات دەسەڵاتەکانم گوازرایەوە بۆ جێگرەکەم و ئەو ئەرکەکانی منی رادەپەڕاند.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا، دەڵێت: من زۆر شانازی بەو کارانە دەکەم کە لە سێ ساڵی رابردوودا ئەنجاممداوە، هەروەها زۆر داوای لێبوردن لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم کە زۆر شتم لەبارەی نەخۆشییەکەم لێشاردبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاكو ئێستا، زیاتر له 160 هێرش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون و لەو ماوەیدا زیاتر لە 120 سەربازیان برینداربوون و سێ سهربازیش گیانیان لهدهستداوه.
ئەمەریکا زۆر بەڕوونی ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن گرووپە ملیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، و ئێرانیش بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام نایانەوێت جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراونتر بێت، ئەگەرچی هەرکاتێک هەڕەشە بکەوێتە سەر هێزەکانیان لە کات و شوێنێک کە خۆیان هەڵیدەبژێرن وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.