به‌یار دۆسكی: هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچه جیۆپۆلهتیكه موعجیزهئاسایهدا بێلایه‌نی خۆی پاراستووه

K24 – هەولێر:
شاره‌زایه‌كی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچه جیۆپۆلهتیكه موعجیزهئاسایهدا، توانیویه‌تی بێلایه‌نی خۆی بپارێزێت.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 2ـی شوباتی 2024) به‌یار دۆسكی، شاره‌زای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و مامۆستای زانكۆ تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك كاتدا رووبه‌ڕووی چه‌ند فشارێكی هه‌رێمایه‌تی بووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌درێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئارامترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌مێنێ و ئاژاوه‌ی ئه‌منی و ناسه‌قامگیری بۆ دروست بكرێت.
به‌یار دۆسكی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاسان نییه بتوانێت هاوسه‌نگییه‌كانی ناوچه‌كه رابگرێت، به‌تایبه‌ت كه كه‌وتووه‌ته دوو هێزی هه‌رێمایه‌تی وه‌ك ئێران و توركیا كه گوزارشت له دوو جه‌مسه‌ری گه‌وره‌ی شیعه و سوننه ده‌كه‌ن.
باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچه جیۆپۆلهتیكه موعجیزهئاسایهدا له هه‌موو بارودۆخه‌كاندا ژیرانه مامه‌ڵه‌ی كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ كات لایه‌نگر نه‌بووه و بێلایه‌نی خۆی سه‌باره‌ت به رووداوه‌كان پاراستووه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به بایه‌خه‌وه بینراوه.
ناوبراو روونیشیكرده‌وه، باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و رایگه‌یاند، ده‌بێت پارێزگاری لێ بكرێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، پلانه‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان توندتر بوونه، به‌شێوه‌یه‌ك له ئێستادا هێرش ده‌كرێته سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و شوێنه مه‌ده‌نییه‌كان.
سه‌باره‌ت به حكومه‌تی عێراقیش رایگه‌یاند، حوكمڕانه‌كانی عێراق به درێژایی ده‌وڵه‌ته‌كه دژایه‌تی كوردیان كردووه، ئه‌وانه‌ی ئێستاش هه‌ر یه‌كێكیان سهددامێكی بچووكی له مێشك دایه و دواتر ئه‌و سه‌ددامه گه‌وره ده‌بێت.