سێنتکۆم تێکشکاندنی دوو درۆنی حووسییەکانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن راگەیاند

K24 – هەولێر:

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" تێکشکاندنی دوو درۆنی حووسییەکانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن راگەیاند و رەتیشیدەکەنەوە هێرشەکانی 1ـی شوبات هیچ زیانێکیان هەبووبێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ئاشکرایکرد، 1ـی شوبات حووسییەکان سێ جار هێرشیانکردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

ئاماژەی بەوەکرد، لە هێرشی یەکەمیان هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا درۆنێکیان خستەخوارەوە، هەروەها هێرشی دووەمیشیان بە درۆن ئەنجامدرا و ئاڕاستەی کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان کرا، بەڵام تێکشکێندرا.

سێنتکۆم، باسی لەوەشکرد، لە هێرشی سێەمیش حووسییەکان دوو مووشەکی بالیستی دژە کەشتیان ئاراستەی کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سور کرد، بەڵام هیچ ئامانجێکیان نەپێکا و سەرجەم هێرشەکانیش هیچ زیانێکیان نەبووە.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی شوباتی 2024) سێنتکۆم، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، کەشتی تێکدەری کارنی، ئێوارەی مووشەکێکی بالیستی لەگەڵ سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەڵدانی مووشەکەکە و درۆنەکان کەمتر لەیەک کاتژمێر نێوانیان هەبووە، هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ بریندار و زیانێک نەبووە.

ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەمەریکا 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە یەمەن لەناو بردووە، کە ئامادەکاری بۆ هەڵدرانی کرابوو.

هاوکات حوسییەکانیش رایانگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ بە ئامانجگرتنی "کەشتییەکی بازرگانی ئەمەریکا" لە کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە.

هێرش و ئاڵۆزییەکانی نێوان حوسییەکان و ئەمەریکا لەدوای شەڕی غەززەوە دەستیپێکرد، کەتاوەکو ئێستا حووسییەکان بەدەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە کەنداوی عەدەن و دەریای سووردا تێدەپەڕن. ئەمەریکاش چەندین جار سەکۆی مووشەک و درۆنی حووسیەکانی بە ئامانج گرتووە.