سیناتۆرێک: هێرشەکەی ئەمەریکا لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی بنکەی "تاوەر 22" بووە
K24- هەولێر
سیناتۆرێکی ئەمەریکی رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمەریکا لە وەڵامی بە ئامانجگرتنی بنکەی "تاوەر 22" بووە، بەڵام ئەنجامدانی هێرشەکە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕی.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی شوبات 2024، رۆجەر ویکەر، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەم هێرشەی ئەمەریکا جێگای دەستخۆشییە، بەڵام تۆڵەسەندنەوەکە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕی، بۆ کوژرانی ئەو سێ ئەمەریکییە برینداربوونی نزیکەی 50 سەربازمان.
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی 165 جار هەوڵی کوشتنی سەربازە ئەمەریکییەکان و لەناوبردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئێمەیان داوە، ئیدارەی بایدن نزیکەی هەفتەیەکی پێچوو بۆ وەشاندنی گوزرێکی توند بۆ نەیارەکانمان. گوتیشی: "ئەمەریکا کاتێکی پێداون بۆ جوڵە و شاردنەوەی خۆیان، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە تیرۆرستەکان لە ناوچەکە لەناو ببرێن".
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سووریا بۆ سەر سوپای قودسی پاسدارانی ئێران و گروپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای ئێران راگەیاند.
لەراگەیەندراوەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 85 ئامانجیان بە بەکارهێنانی زۆرێک لە درۆن و بۆمب هاوێژی دوور مەودا، کە لە ئەمەریکاوە هەڵدراون، پێکاوە.
ئاژانسی ئاڕ تی رایگەیاند، بۆردومانەکان لادێکانی مەیادین و بوکەمال لە رۆژهەڵاتی سووریا و بارەگای گرووپە عێراقییەکان لە قائیم لە رۆژئاوای عێراق کردووەتە ئامانج.
لای خۆیەوە تەلەفزیۆنی سووریاش پشتڕاستی کردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا ژمارەیەک کەس کوژراون و بریندار بوون.
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاش پێشتر رایانگەیاندبوو کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی عێراقەوە هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها بەپێی راپۆرتی پێنتاگۆن، ئەم هێرشە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەربازی ئەمەریکی و برینداربوونی زیاتر لە 40 سەربازی دیکە.
ئەمەریکا ئێران بە هۆکاری ئەو رووداوانە دەزانێت و بەگوێرەی کەناڵی سی بی ئێس، ئیدارەی ئەمەریکا پەسەندی کردووە، وەک رێکارێکی تۆڵەسەندنەوە، پلانەکانی بۆ لێدانی ئامانجە ئێرانییەکان و کارمەندە سەربازییەکانی جێگیر لە عێراق و سووریا جێبەجێ بکات.