ئەمەریکا سزای نوێ بە سەر ئێران دەسەپێنێت

بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران
بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران

K24 – هەولێر

هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا، دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا سزای نوێی بە سەر سەرچاوەیەکی دیکەی دارایی سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاند و رایگەیاند دەستیان بە سەر زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاردا گرتووە.

مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمەریکا و دانیان وێلیامز، داواکاری گشتی فیدرالی لە ویلایەتی مانهاتن لە نیویۆرک بە تاوانی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، سزایان بە سەر حەوت کەسایەتیدا سەپاند، کە بەشێکن لە تۆڕی سپیکردنەوەی پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران بەڕێوەدەبرێت.

دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی و چەند کادیرێکی بە رەچەڵەک تورکیان لە گرووپێکی وزە لە ئەنقەرە سزاداوە، کە کاری سپیکردنەوەی پارە و فرۆشتنی نەوتی ئێرانیان کردووە بۆ کڕیارانی چین و رووسیا و سووریا بەمەبەستی پارەدارکردنی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، کە پشتیوانی کاری تیرۆر دەکات".

هەروەها نووسینگەی داواکاری گشتی فیدراڵی لە مانهاتن رایگەیاندووە، دەستیان بەسەر 108 ملیۆن دۆلاردا گرتووە، کە کۆمپانیاکانی سوپای پاسداران هەوڵی سپیکردنەوەیان داوە.

وەزیری دادی ئەمەریکا رایگەیاندووە،" ئێران کەناڵەکانی بازاڕی رەش بۆ فرۆشتنی نەوت بەکاردەهێنێت بە مەبەستی پارەدارکردنی چالاکییە تاوانکارییەکانی، وەک پشتیوانیکردنی سوپای پاسداران، چەکدارانی حەماس، حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران."