مایک جۆنسن: بایدن تێدەگات کە سیاسەتی هێورکردنەوەی ئێران شکستی هێناوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، "ئیدارەی جۆو بایدن دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ستراتیژەکەی بۆ هێورکردنەوەی ئێران وێرانکەرە بۆ هەموو جیهان".
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا رایگەیاند، دەبوو لەزووەوە ئیدارەی بایدن هەستی بەوە بکردایە کە ستراتیژەکەی بۆ هێورکردنەوەی ئێران وێرانکەر بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ناوچەکە، گوتیشی: دەبێت لە دژی ئەو کەسانە بوەستین کە دەیانەوێت زیان بە ئەمەریکییەکان بگەیەنن، یان هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانمان بکەن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە "جۆو بایدن لە خەو هەڵسێت، چونکە تێدەگات کە سیاسەتی هێورکردنەوەی ئێران شکستی هێناوە".
جۆنسۆن ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە تا ئێستا زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویداوە و دەبوو ئەمەریکا دەستبەجێ وەڵامێکی روون و یەکلاکەرەوەی دژی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا بدابوایەوە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوتر رایگەیاندبوو، رەنگە وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ هێرشەکان فرە ئاست بێت و ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 3-2-2024، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا هێرشی کردە سەر 85 بنکەو بارەگاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکانم هەروەها سێنتکۆم ئاماژەیداوە، لە زنجیرە هێرشەکاندا، ناوەندی فەرماندەیی، بنکەی هەواڵگری، شوێنی هەڵدانی مووشەک و هاوەن، کۆگای درۆنەکان و چەند پشتوانییەکی لۆجستنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کراوەتە ئامانج.