هازارد: خۆپارێزی قسەیەکی بێ مانایە!

ئێدین هازارد، یاریزانی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید
ئێدین هازارد، یاریزانی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید

ئێدین هازارد یاریزانی پێشووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، پێیوایە خۆپارێزی هیچ پەیوەندی بە پارێزگاری کردن لە هێز و توانای یاریزانەکانەوە نیە.

ئیدن هازارد هاوینی ڕابردوو بە یەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید سەرکەوتوو نەبوو. لە چاوپێکەوتنە نوێیەکەیدا لەگەڵ فرانس فوتبۆڵ یاریزانە بەلجیکیەکە باس لە بابەتەکانی ژیانی وەرزشی کرد، بەتایبەتی بابەتی خۆپارێزی لە خواردن.

هازارد لە دیمانەکەی لەگەڵ رۆژنامەی فرانس فتبۆل دەڵێت '' من ئاگاداری خۆرەکانی خواردنەکانم نەبووم، بەڵام وەک ئەوە نەبوو هەموو ڕۆژێک هەمبەرگەر بخۆم، هیچ کەسێک ناتوانیت بۆ ماوەی 16ساڵ هەمان خواردنی تایبەت بخوات و واز لە خواردنەکانی دیکە بێنێت. لە ڕوانگەی منەوە گرنگ نەبوو چونکە من کەسێکی زۆر خۆرم بووم. حەزم لە خواردن و خواردنەوەیە لەگەڵ هاوڕێکانم، خۆپارێزی شتێکی بێمانایە و هیچ سوودێکی نییە. بێگومان ئەگەر بتەوێت تا تەمەنی 40 ساڵی یاری بکەیت ئەوە بۆ تۆ بەسوودە. هەر لەسەرەتاوە دەمزانی کە تا تەمەنی 40 ساڵان یاری ناکەم، بۆیە بەردەوام بوتڵێک شەرابم لە ساردەکەرەوە هەبوو''.

هازارد لە ساڵی 2019 کاتێک لە لوتکە بوو، ریزەکانی یانەی چێڵسی ئینگڵتەرا جێهشت، بەرامبەر 115 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد، بەڵام بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی، لە ماوەی 4 ساڵ تەنها بەشداری 76 یاریی کرد.

Fly Erbil Advertisment