کتێبی "تۆنە جیاوازەکان لە رۆمانی بەندەر فەیلی" بەختیار عەلی بڵاودەبێتەوە

K24 - هەولێر
کتێبی تۆنە جیاوازەکان لە ڕۆمانی(بەندەر فەیلی) بەختیار عەلی لە دووتوێ و سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە هەربەشێکیان باس لە پێناسە، پراکتیک، جۆری رۆمان دەکات بڵاودەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، دیمەن عەبدوڵڵا نووسەر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوەڕۆکی کتێبی تۆنەجیاوازەکان لە ڕۆمانی(بەندەر فەیلی) بەختیار عەلیدا لەسێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەمی تیۆرییە و باس لە چەمک و پێناسەی تۆن دەکات، هەروەها ئاواز و ئاوازە، هێز، ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی تۆن و گەنگی و کاریگەری تۆن، هەروەها سەرنجی چەند نووسەرێک سەبارەت بە تۆن. بەشی دووەم؛ کە تیۆریی و پراکتیکیی لە خۆ دەگرێ کە باس لە بارودۆخەکانی هێنانە ئارای تۆن دەکات. بەشی سێیەم؛ تیۆریی و پراکتیکییە باس لە جۆرەکانی تۆن لە ڕۆمانی (بەندەر فەیلی) دەکات. جۆرەکانی تۆن زۆرن، بەڵام لە بەشەدا باوترین جۆرەکانی تۆنمان دەست نیشانکردوە وەک ( تۆنی فەرمیی، تۆنی نافەرمیی، تۆنی ڕەشبینانە، تۆنی گەشبینیی، تۆنی نیگەرانیی، تۆنی شەڕانگێزیی، تۆنی دیداکتیک، تۆنی گاڵتەجاڕانە، تۆنی نۆستالیژیانە، تۆنی دڵنیایی. کۆتایی ئەنجام و سەرچاوەکان.
دیمەن عبەدوڵڵا دەڵێت: "تۆن و جۆرەکانی تۆن لە ڕۆماندا بێت یان چیرۆک، ئەرک و گرنگی خۆی هەیە لە نێو دەقدا، چونکە یەکێکە لە تەکنیکە هونەرییەکانی بواری نووسینی چیرۆک و ڕۆمان بەتایبەتی، کە شێوازی گێڕانەوەکەمان بۆ سەرنج ڕاکێشتر دەکات و خوێنەر زیاتر پەلکێش دەکات بۆ نێو جووڵەی کارەکتەرەکان، کەواتە نواندنێکی هونەریی دروستدەکات، کە بەرهەمەکە پڕچێژ دەکات، کە لە نووسینەکەدا هەست بەو چێژ و ئیستاتیکایە دەکەین". هەروەها ڕۆڵی تۆن لە گەیاندنی مانادا زۆر کاریگەرە، هەر وەک چۆن لە ژیانی واقیعی خۆماندا دەتوانین ڕاستی ماناکانمان لە کەسەکانەوە دەست بکەوێت لە ڕێگەی تۆنەوە، بە هەمان شێوەش لە نووسیندا دەتوانین بگەین بە مانای ڕاستەقینەی گفتوگۆکانی نێو کارەکتەرەکان.
نووسەر دەشڵێت: "هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم توێژینەوەیەمان بۆ گرنگیی و ناساندنی تۆن لە نێو ڕۆماندا دەگەڕێتەوە، هەروەها ئەو هێزەی کە دروستی دەکات لەنێو دەقەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین تائیستا هیچ کتێبێک لەسەر تۆن لە هەرێمی کوردستان نەنووسراوە ، ئەوەی بەرچاومان کەوتبێت تەنها نامەیەکی ماستەرە، کە لەلایەن (کامیل قانع ابراهیم) نووسراوە بە ناو نیشانی(ڕەنگدانەوەی تۆنی جیاواز لە ڕۆمانەکانی عەتا نەهایی دا )، کە لە کاتی نووسینی ئەم توێژینەوەیەدا سوودمان لێوەرگرتووە. هەروەها بە پێزیی و گەورەیی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە زۆرترین جۆرەکانی تۆنی تێدا دەبیندرا.
دیمەن عەبدوڵلا راشیگەیاند کە ئامانجی ئەوە بووە، جۆرەکانی تۆن، کە لەنێو ڕۆمانەکەدا بوونی هەیە دەستنیشان بکات، کە رۆماننووس زۆر بە وریاییەوە بەکاریهێناون. هەروەها تۆن وەک تەکنیکێکی هونەریی بناسێنیت. لەم توێژینەوەیەدا گەڕاون بەدوای گیروگرفتەکانی چۆنیەتی هێنانە ئارای تۆن و جۆرەکانی.