ئەیمەن حوسێن دووبارە سزا دەدرێتەوە

ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق

ئەیمەن حوسێن هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئوردن، لە قۆناغی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەروویدا بەرزکرایەوە، دوو سزای دیکەی بەسەردا دەسەپێندرێت.

گۆڵکارەکەی شێرەکانی رافیدەین لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەی بەرامبەر ئوردن لە قۆناغی شازدەی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، بەهۆی کات کوشتنەکەی لە کاتی ئاهەنگگێڕان، لەلایەن عەلی رەزا فەغانی ناوبژیوانی یارییەکە بە کارتی زەردی دووەم سزادرا و پاشان کارتی سووری بە روویدا بەرزکرایەوە.

سەرچاوەکانی عێراقی بڵاویان کردەوە، ئەیمەن حوسێن بەهۆی ئەو کارتە سوورەی بەشداری یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکەیان، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 ناکات، کە بڕیارە رۆژی 21ـی ئاداری داهاتوو رووبەڕووی هەڵبژاردەی فلیپین ببنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان بڵاویشیان کردووەتەوە، ئەیمەن حوسێن بەهۆی ئەو کارتە سوورەی، بە 2000 هەزار دۆلار پێ بژاردن لەلایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە سزادەدرێت.

Fly Erbil Advertisment