نرخی گۆشتی سوور لە عێراق لە بەرزبوونەوەدایە

K24 - هەولێر
بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق روو لە زیاد بوونە، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری ئەو خێزانانە دروستکردووە کە داهاتیان سنووردار و مامناوەندە، هەرێمی کوردستانیش بەدەرنییە لەو بەرزبوونەوەیەی گۆشتی سوور هەربۆیە بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر رایگەیاند، هۆکاری بەرزی نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزی و نزمی نرخی دۆلار و گران بوونی ئالیک و عەلفە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، محەممەد خەزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لەژێر دابەزینی نرخی خۆراک و دابەزینی نرخی دۆلاردایە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگای هاوردەکردنی گۆشتی سوور بەبێ مۆڵەت هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.
خەزاعی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە نرخی گۆشتی سور دابەزێنێت، گوتیشی: "هەرچەندە کۆنترۆڵکردنی نرخ لە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە، هاوکات وەزارەت پاڵپشتی دەکات و لە خەمی بەرژەوەندی بەکاربەردایە.
کازم فەیاز، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بە نهێنی لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیک هەیە بۆ لەناوبردنی ئابووری ناوخۆیی، روونیشیکردەوە کە تاکە چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە و چارەسەرکردنی ئەو شکستانەی کە ئابووری عێراق تووشی دەبێت، بریتییە لە دانانی پسپۆڕ و ئەوانەی ئەزموونی باشیان هەیە لەو بابەتدا.
فەیاز پێیوایە ئەوانەی سەرپەرشتی رەوشی ئابووری عێراق دەکەن بە ئەزموون نین، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ئابووری کە بێ چارەسەر دەمێنێتەوە، جگە لەوەی کە بازاڕ پابەند نابیت بە بڕیارەکانی حکومەت کە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، د. ئەرسەلان جەلال حوسێن، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ لە کوشتارگەی هەولێر کەمی کردووە، ئەویش بەهۆی بەرزی و نزمی دۆلار هاووڵاتییان خواردنی گۆشتی سووریان کەمکردووەتەوە، هۆکارێکی دیکەش، گرانبوونی عەلەف و ئالیک وای کردووە کە نرخی گۆشتی سوور بەرزبێت، جگە لەوەی کە ئاژەڵ هاوردە دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی70% ـی ئەو ئاژەڵانە لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت ئاژەڵی هاوردە کراوە، بەهۆی ئەو هاوردەکردنە نرخی باجیان لەسەر زۆر بووە، نرخی گۆشتی سووریان گران کردووە.
بەگوتەی ئەرسەلان حوسێن: "خواست لەسەر گۆشتی ئاژەڵی خۆمان زۆرترە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاژەڵی خۆماڵی بەشی خۆمان ناکات ئاژەڵی دیکە هاوردە دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو ئاژەڵەی هاوردە دەکرێت چەند مانگێک رادەگیرێت لە لەوەرگا، پاشان دەهێنرێت بۆ کوشتارگە و سەر دەبڕدرێت بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی باجەوە نرخی گۆشتەکەی گران دەبێت.
ئەو راشیگەیاند: "مانگی 1/2023، واتە ساڵی رابردوو"1481" ئاژەڵی گەورە وەک چێل و مانگا لە سەربڕخانەی هەولێر سەربڕدراون، 7915 ئاژەڵی بچوکیش وەک مەڕوماڵات سەربڕدراون، بە بەراورد بەم مانگی 2024/1رە، 1496 ئاژەڵی گەورە سەربڕدراون، لەگەڵ 7850 ئاژەڵی بچووک لەسەربڕخانە سەربڕدراون، رۆژانە لە کوشتارگە 90 بۆ 100ئاژەڵی گەورە سەر دەبڕدرێت و 400 بۆ 500 ئاژەڵی بچووک سەردەبردێت، لە کوشتارگەی هەولێر".