بایدن لەبارەی هێرشەكان نامەیەك ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی دەكات

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، میلیشیاكانی سەربە ئێران هێرشیانكردوەتە سەر سەربازەكانمان لە سووریا و عێراق و پێویست بوو وەڵامیان بدەینەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەكان بۆسەر میلیشیاكان لە سوریا و عێراق نامەیەك رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران وڵاتەكەی دەكات.

سەرۆکی ئەمەریکا، لە نامەکەیدا دەڵێت: ئەگەر پێویست بكات رێكاری دیكە دەگرینەبەر بەرامبەر سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاكانی سەربەو وڵاتە.

بایدن ئاماژەی بەوەکرد، میلیشیاكانی سەربە ئێران هێرشیانكردوەتە سەر سەربازەكانمان لە سووریا و عێراق و پێویست بوو وەڵامیان بدەینەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەشڵێت: هێرشەكان بۆ بەرگری لەخۆكردن بوو، هاوکات بۆ كۆتاییهێنان بەو هێرشانە بووە كە بەردەوام دەكرانەسەر سەربازەكانمان و هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە.

جۆ بایدن، باسی لەوەشکرد، هێرشەكان بەشێوەیەك بوون کە مەترسی ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە كەمبكەنەوە، گوتیشی: بۆ لەمەودواش لە وەڵامدانەوەی میلیشیاکان دوو دڵ نابین ئەگەر پێویست بكات.

سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی نامەكەیدا دەڵێت: پێزانینم هەیە بۆ پشتگیری كۆنگرێس. 

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران و به‌هۆیه‌وه‌ پتر له‌ 40 چه‌كداری میلیشیاكان و هاووڵاتییان كوژران.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا تەنیا دەستپێکن و وەڵامی زیاترمان دەبێت.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت: هێرشەکانمان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریا تەنیا بۆ بەرگریکردن لەخۆمان بووە لەو ناوچانەدا.

کێربی گوتیشی: ئەمەریکا دەیەوێت حکومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان یارمەتیدەربێت. هاوکات ئاشکراشی دەکات، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەراورد بە هێرشی ئەمریکا زیاتر سەروەری عێراقی پێشێلکردووە.

هەر ئەمڕۆ جەیك سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، وەڵامی هێرش و هەڕەشەکان دەدەنەوە، هەروەها بۆردومانکردنی گرووپە چەکدارەکان هەڵمەتێکی سەربازی کراوە نییە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، دەڵێت: هیچ ئاماژەیەك نییە ئێران سیاسەتی خۆی بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان گۆڕیبێت. جەیك سولیڤان، گوتیشی: شەڕێکی فراوانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوێت.