ئەنتۆنی بلینکن لەسەر دۆخی غەززە دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەنتۆنی بلینکن
ئەنتۆنی بلینکن

K24 - هەولێر

دوینێ یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد کە چوار وڵات لەخۆدەگرێت، ئەوانیش سعوودیە، میسر، قەتەر و ئیسرائیلە، جگە لە کەرتی رۆژئاوا، ئەمە پێنجەمین گەشتە کە لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ئەنجام دەدات.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەرنامەی "رووی نەتەوە" لە کەناڵی سی بی ئێس رایگەیاند، سەردانەکەی بلینکن و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل ئامانجیان دڵنیابوونە لەوەی کە یارمەتی مرۆیی زیاتر دەگاتە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی فەڵەستینییەکان لە غەززە دەستیان بە خۆراک و دەرمان و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون بگات و بەردەوام دەبین لە فشارخستنە سەر تا ئەو کاتەی کە ئەمە بەدی دێت".

سولیڤان جەختیشی کردەوە، کە "رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتە مەدەنییەکان کە لەلایەن بزووتنەوەکە دەستبەسەرکراون، نزیک نییە" هەروەها "تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە".

هەفتەی رابردوو بلومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند، کە دانوستانەکان بەرەوپێش دەچن لەسەر رێککەوتنێک کە بەشداربووان پێیان وایە دەتوانێت هەنگاوێکی گەورە بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەڵام روون نییە کە ئایا ئیسرائیل و حەماس رێکدەکەون یاخود نا.

هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بە هەموو گرێبەستێک رازی نابین، زۆر شت لە میدیاکانەوە دەگوترێ، بەڵام ئێمە بە سادەیی رازی نەبووین".

گەشتەکەی بلینکن دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا هێرشی کردە سەر حوسییەکان لە یەمەن، هەروەها بۆردومانی گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا و عێراق کرد، کە نزیکن لە ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گەشتە چوار رۆژیەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە هەوڵێکدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئاڵۆزانەی پەیوەستن بە شەڕی غەززەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان، هاوکات دووپاتیکردەوە کە ئەمەریکا هەنگاوی گونجاو دەنێت بۆ بەرگریکردن لە کارمەندەکانی و ئازادی کەشتیە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

هەرچەندە باس لە ئەگەری مامەڵەکردن بە بارمتەکان لە کارەکاندا دەکرێت، بەڵام حەماس رایگەیاندووە، تا ئیسرائیل بەشداری ئاگربەستی هەمیشەیی نەکات، ئەو زیندانیانەی ماون ئازاد ناکرێن، کە بەرپرسانی ئیسرائیل رەتیدەکەنەوە.

باربارا لیف، بەرپرسی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: ئاگاداری هیچ وەڵامێکی کۆتایی فەرمی بزووتنەوەی حەماس نییە.

لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، دانوستانکاران کار بۆ هێنانی هاوکاری زیاتر دەکەن بۆ ناو کەرتی غەززە، بەڵام نازانن کەی بە شێوەیەکی گونجاو ئەم یارمەتییە دەگاتە دەستیان.

سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئەنتۆنی بلینکن  گوتی: "پێداچوونەوە بە دانپێدانانی ئەمەریکا بە فەڵەستین دەکرێت وەک دەوڵەت"، هەروەها پێداچوونەوە بە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بێ سەرباز دەکرێت.