پەیامنێری کوردستان24: سێ تەقینەوە بەغدا دەهەژێنن

K24 - بەغدا:

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سێ تەقینەوە بەغدای هەژاند، کوژراو و بریندار هەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی شوباتی 2024) شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوەدا، لە بەغدای پایتەختی عێراق سێ تەقینەوە روویاندا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج لە ناوچەی مەشتەل، لە رۆژهەڵاتی بەغدا، هاوکات هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونە شوێنی رووداوەکە و خەریکی لێکۆڵینەوەن و پشتێنێکی ئەمنییان دروستکردووە.

شڤان جەباری، گوتی: لە ئەنجامی ئەو تەقینەوانە سێ کەس کوژران، تەرمەکانیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە دەرهێندراون و ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتاوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە دەستی کوردستان24 کەوتوون، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

کوردستان24 زانیوویەتی دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان علیاوی کوژراون، هاوکات حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئاگاداری راپۆرتەکانن سەبارەت بە هێرشەکەی بەغدا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستەمی مووشەکییەکانی حزبووڵڵای عێراقە ئەمشەو لە هێرشەکە کوژراوە.