سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ NBCـی ئەمەریكی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە مانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە

دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی
دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كەناڵی ئێن بی سیی ئەمەریكی رایگەیاند: سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی و ئابووریی و سیاسیەوە، چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە و بۆیه‌ پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە.

"گرنگ نییە كێ لە پشت كردەوەی تیرۆریریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رووبەڕووی خودی تیرۆریزم ببینەوە"، ئەمە پێناسەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی، کە هاوكاتە لەگەڵ هێرشە درۆنییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و كوشتنی دوو سەركردەی حەشدی شەعبی، هەندێك لە سیاسییەكانی بەغداش داوای كۆتاییهێنان بە ئەركی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە هاوكاری زیاتر و مانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە: "سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی، ئابووریی و سیاسییەوە. چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە. پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە. هاوپەیمانە ئەمەریكییەكانمان پێماندەڵێن دەمانەوێت كوردستانێكی بەهێز ببینین چۆن؟ واتە پێویستە لە رووی ئابووری، سیاسیی و سەربازییەوە بەهێز بین بۆئەوەی بتوانین لەبەرامبەر هەڕەشەكان خۆمان بپارێزین".

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە: "وەك دەزانی چەند رۆژێك لەمەوبەر بە درۆن و مووشەك هێرشمانكرایەسەر توانای ئەوەمان نییە لەبەرامبەریان خۆمان بپارێزین. كە دەڵێین پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمەریكایە مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن."

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پێویستمان بە توانای سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە: "هۆكاری بوونی سەربازانی ئەمەریكا و هاوپەیمان لە عێراق ئەوەیە، عێراق ئامادەنەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و پڕكردنەوەی كەلێنەكان، ئێستاش پێمانوانییە هێزە عێراقییەكان ئەو توانایان هەبێت و ئامادبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانە، بۆیە بوونی ئەمەریكا گرنگە بۆ پشتیوانی لەو هێزانە، هەتا ئەو كاتەی سەقامگیریی مسۆگەر دەبێت".

سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی بە کەناڵە ئەمەریکییەکەی راگەیاندووە: "ئەگەر ئەمەریكا بكشێتەوە كەلێنێك دروستدەبێت، من دەترسم ئەو كەلێنە لەلایەن هێزێكەوە پڕنەكرێتەوە كە لە بەرژەوەندی عێراق و هەمووان بێت، واتە هێزێك پڕی بكاتەوە ببێتە مەترسی بۆسەر ناوچەكە".

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەشدەكات، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوونەتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمەریكیین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە تووشی كێشە بوون. بەڵام سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ سوودانی نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكانی نێوان هەولێر بەغدا چارەسەر بكرێن

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کەناڵی ئێن بی سیی ئەمەریکی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد: "بەداخەوە دەبینین لەلایەن هەندێك گرووپەوە گوشار دەكرێت بۆ ئەوەی پەیوەندی و تێگەیشتنەكانمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ هیچ بەرهەمێكی نەبێت. پێویستە كارپێكەوە بكەین و دڵنیابینەوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان وەردەگرن. لەگەڵ سەرۆكوەزیرانیش كاردەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. ئەمەش نەك تەنیا لەبەر داهات، بەڵكو لەبەر دابینكردنی مافی كۆمپانیا بیانییەكانە كە هەندێكیان كۆمپانیای ئەمەریكین و لە هەرێمی كوردستان لە بواری وزە وەبەرهێنانیان كردووە، واتە دەمانەوێت مافی ئەوانیش بدرێت و رێز لە گرێبەستەكانیان بگیرێت".

زیادبوونی هێرشی درۆن و مووشەكەكان، ئاماژەیەكی روونە، شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە دەستیپێكردووە. هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لە ئاگری ئەم شەڕە. هەرچەندە هەرێمی كوردستان هیچكات نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی و هەمووكات فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكە.

لەو بارەیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:" ئێمە پێناسەی تیرۆریزم باش دەزانین، گرنگ نییە كێ لەپشت ئەم كردەوە تیرۆریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رێگری لە خودی كردەوە تیرۆریستییەكە بكەین. پێویستە رووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، نەك ئەوەی لەپشتی كردەوەكەوەیە. ئەمە تێروانینی منە لەبارەی ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانمان هەمانە. بۆئەوەش بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە پشتیوانی ئەمەریكایە. بەبێ هاوكاری و پشتیوانی ئەمەریكا زۆر زەحمەت و پڕ ئالنگاری دەبێت".

لەبارەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: "لە بوارەكانی ئابووریی، سەربازیی و ئاسایش گوشاریان خستوەتەسەر هەرێمی كوردستان، ئێمە باوەڕمان بە عێراقێكی فیدراڵە و مافی دەستووریمان هەن لەم وڵاتە و دەمانەوێت رێز لە مافەكانمان بگیرێت. بەداخەوە پشتگوێخستنی مافانەكانمان نەك بۆ ئێمە بۆ عێراقیش خراپ بووە و كاریگەری كردووەتەسەر سەقامگیری عێراقیش".

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: ئەمەریكا دەتوانێت و دەكرێت زیاتر بكات، لەوەی تەنیا لەكاتی كوژرانی سەربازەكانیدا بەشێوەیەكی سنووردار وەڵامبداتەوە. دەكرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و چەكی پێشكەوتوو و راهێنانی زیاتر بداتە پێشمەرگە.

سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە: :هێرشەكانی ئەم دواییەش بۆ سەر ماڵی بزنسمان و خاوەنكارێك كە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە و ماڵێكی ئاسایی بوو، ئەوەشی وترا هەموو تۆمەتی بێ بنەما بوون. ئەمانە ئاماژەیەكی روونن ئێمە كراوینەتە ئامانج و ناتوانین خۆمان و خەڵكی خۆمان و ئەوانەشی لە هەرێمی كوردستانن بپارێزین. بۆیە داوامانكردووە سیستمی بەرگری ئاسمانیمان بۆ دابین بكرێت بۆئەوەی لەبەرامبەر درۆن و مووشەكەكان خەڵكی سڤیل و وڵاتەكەشمان بپارێزین".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، "ئێمە هەمووكات لەبەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریزم بووین. وەك دۆست و هاوپەیمان ئێمەش دەبێت ئەوەندە توانامان هەبێت، پێویستیشمان بە پشتیوانی ئەمریكایە. سوپای ئەمەریكا زۆر پشتیوان و هاوكاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان پێویستە، هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكامان نەكردووە."

كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆنگرێسی ئەمەریكا بودجەی بەرگری وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2024 پەسەند كرد، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاش واژۆی لەسەر كردووە. تێیدا بڕگەیەك تایبەت بە دابینكردنی سیستمی بەرگری مووشەكی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق تەرخانكراوە. پێویستە لە 1ـی شوباتی ئەم ساڵەوە تا 90 رۆژ، وەزیری بەرگری بە هاوكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستبە داڕشتنی پلانی كرداری بكەن، بۆ دابینكردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و پێدانی چەك و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان.

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان هیچكات نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی و هەمووكات فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكە

دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی
دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی
دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی
دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی