شرۆڤەکارێک: بەرەی مقاوەمە عێراقی خستووەتە ناو کێشەوە
K24 - هەولێر
شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، بەرەی مقاوەمە هیچ پێگەیەکی فەرمی نییە لە عێراق، سوورە لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و عێراقیشی خستووەتە کێشەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، عەبدولرەحمان جەزائیری، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 راگەیاند، بڕوام وایە ئەو کۆبوونەوەیەی کە دوێنێی پەرلەمانی عێراق هەروەها لەگەڵ کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ ئەمەریکییەکان ئەنجامیدا، کۆمەڵێک پێشهاتی لەدوای خۆی هێنا هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی گفتوگۆکان درێژە پێبدەن.
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە: "ئەوەی کە پەیوەستە بە لایەنی هەبوونی هێزەکانی مقاوەمەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە سوورن لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکاوە هەموومان دەزانین تەنیا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییە کە هیچ پێگەیەکی فەرمیشیان نییە تاوەکو ئێستا بە خۆیان نەزانیوە، بەرەی مقاوەمە ئێستا عێراقی خستووەتە ناو کێشەوە، لەلایەکی دیکەش ئەمەریکییەکانیش دێن سڤیل بۆردوومان دەکاتەوە. ئەو بڕیارەی کە دراوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان، زیاتر تەشریعی بووە نەچووەتە بواری یاسا دانان، واتە لایەنە سیاسییەکان بەتەواوی جێبەجێیان نەکردووە".
راشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی کۆتا رووداو روویدا لە بەغدا، دوو سەرکردەی بەرەی مقاوەمە کوژران و دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزکرد. هەوڵدەدات جۆرێک لە ئارامی بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکان، ئێستا ناڕەزایەتییەک دروست بووە لە شەقامی شیعەدا بۆ دەرکردنی ئەمەریکا. محەممەد شیاع سوودانی هەوڵدەدەت لەرێگەی دیبلۆماسییەوە ئەمەریکییەکان بکاتە دەرەوە. دەیەوێت رێگەی دیپلۆماسی بەکار بهێنێت و پەنا بۆ چەک نەبات. چونکە هەموو جیهان دەزانن هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن عێراقەوە هاتوونەتە خاکی عێراق.