قاسم ئەعرەجی: سەرکۆنەی پێشێلکارییەکان دژی سەروەری عێراق دەکەین

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق لەسەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە، هەروەها عێراق خۆی لە ململانێکان دووردەخاتەوە.

ئەمڕۆ سیشەممە (13ـی شوباتی 2024) قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، کووشتنی هاووڵاتییانی عێراق سەرکۆنە دەکات و رەتی دەکاتەوە ئەو وڵاتە بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، راشیگەیاند، عێراق لەسەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە و سەرکۆنەی پێشێلکارییەکان دژی سەروەری خاکی عێراق دەکات.

ئەعرەجی، دەڵێت: عێراق لەسەر هیچ وڵاتێک هەڕەشە نییە، هەروەها باشترین پەیوەندییمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەوێت.گوتیشی: عێراق خۆی لە ململانێکان دووردەخاتەوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، جەختیشی کردەوە، "تیرۆر دەرئەنجامی ڕق و کینەیە، توندوتیژیش بەرهەمی توندڕەوییە، ئەم چەمکانە لە ئێستادا زیاتر لە جاران باون، گوتیشی: هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە هەنگاونان بەرەو پێشەوەی نەخشەیەک بۆ ئاشتی جیهانی.

ئەعرەجی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:" ژمارەی ئەو خێزانە عێراقییانەی کە لە کەمپی هۆلی سووریا گەڕێندراونەتەوە گەیشتە هەزار و 924 خێزان کە نوێنەرایەتی حەوت هەزار و 556 هاووڵاتی دەکەن، هەروەها هەزار و 200 خێزان گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەی ئەسڵی نیشتەجێبوونیان".