بارانی بەلێزمە کەندەکانی هەولێری سەرڕێژ کرد و لافاو چەندین ئۆتۆمبێلی راماڵی

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، بەر لە بارینی بارانی بەلێزمە، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ناوەندی قەیرانەکانەوە لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ئەوەی پلانی پێشوەختە بۆ ئەم پێشهاتە دابنێن.

کاتێک باران ناوچەکەی گرتەوە و گەیشتە هەولێر، لە هەموولایەکەوە لافاو دروست بوو. تەنانەت لەو شوێنانەش کە کەندی ئاویان چەند ساڵێکە بۆ ئاوی باران دروستکراوە تا ئاوەکەی پێدا تێپەڕێت، ئاوەکە بەدوای دەرچەی دیکەدا گەڕا و کاریگەریی لەسەر شەقامەکان دروست کرد، چونکە بڕی ئاوی بارانی شەوی رابردوو لە قەبارەی کەندەکە زیاتر بوو.

هەروەها تەواوی تیمەکانی فریاگوزاریی سەر بە بەرگریی شارستانی لە ئەرکدا بوون و خۆبەخشانیش بۆ هاوکاریکردنی تیمەکان هاتبوون. لە ئەنجامی ئەو لافاوەدا، جگە لە خنکانی منداڵێک، شۆفێری یەکێک لە ئامێرە گەورەکانیش کە سەرقاڵی کردنەوەی رێڕەوی ئاوەکە بوو، گیانی لەدەست دا.

هاووڵاتییەکی شایەتحاڵ بە کوردستابن24ـی گوتی: "بەهۆی لافاوەکەوە کوڕی هاوڕێکەم گیانی لەدەست دا. ئاوی بارانەکە هێندە بەرز بووەوە نەمتوانی لە ماڵ بێمە دەرەوە. هاوکات چەند ئۆتۆمبێلێک کەوتنە ناو کەندەکە و هێزی ئاوەکە تا 400 مەتر ئۆتۆمبێلەکانی بردووە و لەناو کۆڕنیشی هەولێر کۆیکردوونەتەوە".

ئەو هاووڵاتییە روونیکردەوە، باوکی منداڵەکە دووکانی رۆنگۆڕینی لەو گەڕەکەدا هەیە و قوربانییەکەش یەکەم منداڵی بوو. هەروەها باسی لەوە کرد، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە چاوەڕواننەکراو بوو و یەکەمجار بوو بەو شێوەیە ئاو لە کەندەکەدا بەرز ببێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

ئێوارەی دوێنێ شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێکی چڕ و پێشبینینەکراوی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە چەقی قورساییەکەی لەسەر سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بوو، لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی شارەکە لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو دروست بوو.

بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاو لە سنووری شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ، بووە هۆی زیانگەیاندن بە دەیان ماڵ و ژێرئاوکەوتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان، لە پاڵ دروستبوونی ئاستەنگییەکی قورسی هاتوچۆ لە زۆربەی جومگەکانی شارەکەدا.