شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

K24 – هەولێر:
شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی بارانبارین تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، هاوکات بۆ ئەم مەبەستە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو و دروستبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) پەیامنێری کوردستان24 لە بارەی رەوەشی کەشوهەوای ئەم شارە رایگەیاند، بارینی بارانی بەخوڕ تا ئێستا لە هەولێر بەردەوامە.
هاوکات ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە هەموو جارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر شەپۆلێکی بارانبارین کە ئاگەداردەکرێنەوە لەلایەن دەستەی کەشناسی، بە چەند قۆناغێک خۆمان ئامادەکردووە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەم شەپۆلە، یەکەم؛ ئامادەکاری پێش بارانبارین، کە تەواوی چاڵەکانی ئاووەرگرتن پاککراونەتەوە، دووەم؛ ئەو شوێن و گەڕەکانەی کە خاڵی لاوازن و مەترسی دروستبوونی لافاویان هەیە ئامێرەکانی تێدا جێگیرکراون.
هەر ئەمڕۆ مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەو هەواڵانەی بڵاوبۆوە لەلایەن میدیاکانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، ئێمە لای خۆمانەوە بۆ ئەوەی بەرچاو روونییەکمان هەبێت، لە حاڵەتی ئامادەباشیداین، هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری کەشناسی ئاگادارکراینەوە گوایە ئەمڕۆ ئێوارە شەپۆلێکی باران بارین دەستپێدەکات تاکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی ئەو جێگرە، لە شاری هەولێر نزیکەی 50 ملم باران دەبارێت، لەرێگەی کەشناسیشەوە بۆمان بەدیار کەوتووە شەپۆلەکە بەتەواوی کوێ دەگرێتەوە، سەنتەری شار و دەرەوەی شار دەگرێتەوە، لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بۆمان روونکراوەتەوە تاکو ئێمە بتوانین سەرنجی خۆمان لەکوێ بدەین.
رۆژی سێشەممە (13ـی شوباتی 2024) دهستهی كەشناسی عێراقی بڵاویكردهوه، رۆژی چوارشهممه شهپۆلێكی بارانبارینی بهخوڕ ههرێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە و له ناوچه شاخاوییهكانیش بهفر دەبارێت و له رۆژههڵاتی عێراقیش ئهگهری روودانی لافاو ههیه.
دهستهی كهشناسی ئاماژهی بهوهشدا، شهپۆلهكه له رۆژی چوارشهممه دهستپێدهكات و تا رۆژی شهممه لە ناوهڕاستی عێراق بهردهوام دهبێت، بهڵام بۆ ناوچهكانی باشوور، پێشبینی دهكرێت ئێوارهی رۆژی ههینی كۆتایی بێت.