دهۆک بە دوای ریکۆردێکی 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێت

یانەی دهۆک دوای سێ بردنەوەی لەسەر یەک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمجارەیان لە گەڕی 14ـی خولەکە و لە باشووری عێراق، دەبێتە میوانی یانەی نەفتی بەسڕە.
دوایینجار لە ساڵی 2014 بوو، ئەو کاتەی یانەی دهۆک توانی چوار یاریی لەسەر یەک بەرامبەر یانەکانی نەجەف و کەرخ و مینا و تەڵەبە بردنەوە بەدەست بێنێت، ئەو یانەیە لەو کاتەوە هەرگیز نەیتوانیوە چوار یاریی لەسەر یەک، بەرامبەر رکابەرەکانی بردنەوە بەدەست بێنێت.
یانەکەی شاری رەنگین بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، بە بردنەوەیان لەم یارییە هەر لە پێگەکەی خۆیان دەمێننەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە بە دۆڕان رەنگە تاوەکو پلەی هەشتەم دابەزن، بۆیە هەموو ئامانجی یاریزانانی ئەو یانەیە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە.
بۆ ئەم یارییە هەر یەکە لە ژیار گۆڤەند و رابەر جەلال و محەمەد مەعەن بەهۆی پێکان بۆ ئەم یارییە بەردەست نابن. لە بەرامبەردا سەرجەم یاریزانەکانی دیکە ئامادەن.
هەردوو یانەی دهۆک و نەفتی بەسڕە پێشتر 13 یاریی دیکەیان بەرامبەر یەکتری کردووە، دهۆک خاوەنی 7 بردنەوە و 4 دۆڕانە.