محەممەد ئێلخانی: هیچ بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبووە

K24 - هەولێر:
ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی هەرێمی کوردستان کە تازە تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ، بە گڕوتینەوە خۆیان ئامادە دەکەن و کارتی دەنگدان بەدەستدێنن بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن، ئەوەی نیگەرانیان دەکات دواخستنەکانی دادگای فیدڕاڵییە لەسەر یاسای هەڵبژاردن.
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت کارتی دەنگدان بەدەستبێنن، هەیانە یەکەمجارە دەنگدان دەیگرێتەوە و هێشتا مووی لێنەهاتووە هەشیانە خەریکە سەر و ریشی لەناو پرۆسەکەدا سپی دەکات.
کانی تەحسین، هاووڵاتیی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەمەنی 18 ساڵە ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هیوادارە هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا ئەنجامبدرێت.
لە بەرامبەر گڕوتینی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، دامەزراوەیەک هەیە بەوپەڕی سستییەوە کار لەسەر پرۆسەکە دەکات، ئەو دامەزراوەیە دادگای فیدڕاڵی عێراقە کە نزیکەی هەشت مانگە دۆسیەکەی لە بەردەستدایە و هێشتا بڕیاری لێنەداوە، لە کاتێکدا لە پرسی رەتکردنەوەی تەمەنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، زۆر بە خێرایی بڕیاریدا.
محەممەد ئێلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، ترسییان هەیە کورسییەکانیان لەدەستبدەن یان دابەشبکرێن، هۆکاری ئەم هەڵوێستەی دادگا شی دەکاتەوە و دەڵێت: دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەخێرایی بڕیاریدا، بەڵام لە پرسی ئەنجامدانی هەڵبژادرنی کوردستان بڕیار بەپەلە دەرناکات و هەر جارێک بە بیانووێک دوایدەخات.
گوتیشی: دادگای فیدراڵی هەرگیز نایەوێت لە بەرژەوندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕیاربدات.
دواخستنە یەک لە دوای یەکەکانی هەڵبژاردن، بۆ سکاڵایەکی یەکێتی دەگەڕێتەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردن، گرنگترین ماددەکان کە سکاڵای لەسەرە بازنەی هەڵبژاردن و پرسی کۆتای تورکمانە لە یاساکەدا، سبەی جارێکی دیکە دادگا لەسەر ئەم دۆسیە کۆدەبێتەوە.