زەردەشت سەرسام: چاککردنەوەی ئاوی ئیفراز دوو نزیکەی 20 رۆژ دەخایەنێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر رایگەیاند، چاککردنەوەی ئاوی ئیفراز دوو 15 بۆ 20 رۆژی پێدەچێت، دەشڵێت، "تاوەکو چاککردنەوەی ئاوی ئیفراز دوو ئاو بەتەنکەر ئاو بۆ گەرەکەکان دابین دەکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی شوباتی 2024، زەردەشت سەرسام، بەڕیوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەکو بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر ئامادەباشی کرابوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی زیانی لافاو و خۆڵبارین لەوەرزی زستاندا، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی ئەو هەورە بروسکەی لە ئیفراز دوویدا بەشی کارەبا، سویچگێر و محاویلە هەموو ئەمانەی تێکدا، کارەکانمان لەوێ بەتەواوی پەککەوتووە.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "ئاو بۆ سنووری ئیفراز دوو بۆ نۆ گەرەک دابین کراوە، ئەو گەرەکانەی بێ ئاویش دەبن زیاتر ئەو بەشانە دەگرێتەوە کە لەنێوان شەقامی پیرمام و عەنکاوەن".
راشیگەیاند، لە ئیستادا تیمەکانمان لە هەوڵی چاککردنەوەن و ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستمان پێیانە کۆمپانیاکان لە دەرەوەی وڵات هاوردەی دەکەن، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو گرفتە بکەین.
زەردەشت سەرسام گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی هەندێک لە کەلوپەلەکان بەردەست نییە، رەنگە 15 بۆ 20 رۆژ ئاوی ئیفراز دوو چاک نەبێتەوە و ئەو گەرەکانە بێ ئاوبن. بەڵام بە تەنکەر ئاومان بۆ ئەو گەرەکانە دابین کردووە کە بێ ئاون".