عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: لە دەرەوەی پەیڕەوی حزب کار بە هیچ بڕیارێک ناکرێت

K24 – هەولێر:

لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی کەوتووەتە نێو حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەی وەرزشی بەختیاری. 

ئەمرۆ یەکشەممه 18-2-2024، حزبی سۆسیال دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆبووەتەوە و باسیان لە دوو تەوەر کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە تەوەری یەکەمی گفتوگۆکە، تیشک خرایە سەر کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی حزب، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی حزبەکە جەختی لەوەکردەوە کە بنەمای بنەڕەتی کارکردنیان تەنها بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبێت و لە دەرەوەی پەیڕەو هیچ بڕیاڕێک کاری پێ ناکرێت.

بەگوێرەی زانییارییەکان عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکراتە لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی، کە رۆژی پێنجشەممە لە گوڵەخانە بەرێوەچووە، بەشداری نەکردووە.