هەولێر گۆڵبارانی یانەی كەربەلای كرد

دەستپێكی یاریی هەولێر و كەربەلا لە خولی ئەستێرەكانی عێراق 19 شوباتی 2024
دەستپێكی یاریی هەولێر و كەربەلا لە خولی ئەستێرەكانی عێراق 19 شوباتی 2024

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ئەم هەفتەیە هەر چوار یانە كوردستانییەكان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەكەن، هەولێر گۆڵبارانی كەربەلای كرد، هەولێر ناگەڕێتەوە پایتەخت و یارییەكی دیكەش لە دووری خاك و هاندەرانی خۆی دەكات، لە لایەكی دیكەیشەوە دهۆك و نەورۆز سبەی بە هەمان شێوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یارییەكانیان دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19 شووباتی 2024، لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی كەربەلا.
 هەولێر لە ماوەی 38 خولەكی سەرەتای یارییەكە 3 گۆڵی لەسەریەكی تۆمار كرد، هەڵۆ فایەق هەڵەیەكی گۆڵپارێزی كەربەلای قۆستەوە و گۆڵی یەكەمی تۆمار كرد، دواتر محەمەد قاسم لە ماوەی 6 خولەك دوو گۆڵی لەسەریەكی بۆ هەولێر تۆمار كرد، بەڵام خۆشییەكانی هەولێر زۆری نەبرد، چونكە پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات كەربەلا دوو گۆڵی لەسەریەك و خێرای تۆمار كرد.
لە نیوەی دووەم رووداوەكان خێراتر و گەرموگوڕتر بوون، لە خولەكی 61 محەمەد قاسم هاتریكی بۆ هەولێر كرد، پاشان لویس ئیدوارد دوای هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە گۆڵی پێنجەمی هەولێری تۆمار كرد، ئەگەرچی كەربەلا گۆڵی سێیەمیشی كرد، بەڵام نەیانتوانی ئەنجامەكە راست بكاتەوە و بە راهێنەرایەتی حوسام فەوزی لە نێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی تووشی شكست بوو، لە كۆتاییەكانی ئەو یارییەدا ئاكام هاشم كارتی سووری وەرگرت و لە یاریی داهاتوو بەرامبەر نەجەف بێبەش دەبێت.
هەولێر بەم سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 16 خاڵ و بۆ پلەی یازدەیەمی ریزبەندی سەركەوت، لە یاریی داهاتووش هەولێر رۆژی پێنجشەممەی هەر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی نەجەف دەبێتەوە.

دهۆك و نەورۆز ئامادەن
لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق سبەی سێشەممە دوو یانەی كوردستانی دیكە یارییان هەیە، دهۆك دەبێتە میوانی نەفتی میسان و یارییەكەش لە كاتژمێر 02:00ـی پاشنیوەڕۆ بە كاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە لایەكی دیكەیشەوە نەورۆز بە هەمان شێوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە كاتژمێر 09:30ـی شەو رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە.
دهۆك بە 21 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە، یانەی نەورۆزیش بە كۆكردنەوەی 20 خاڵ پلەی هەشتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە زاخۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی قاسم یارییەكەش لە كاتژمێر 04:30ـی ئێوارە دەكرێت.

.

 

.