دوو رێکخراوی کوردی دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق نامەیەک دەدەنە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

K24 – لەندەن:

دوو رێکخراوی کوردی نامەیەک دەدەنە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق لە دژی کورد و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی هەینی (23ـی شوباتی 2024) ژمارەیەک لە ئەندام و چالاکوانانی هەردوو رێکخراوی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی و ناوەندیی رەوەندی کوردستانی لە بەریتانیا سەردانی نووسینگەی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایان کرد و نامەیەکیان ئاراستە کرد کە چەند داواکارییەکی لەخۆگرتبوو.

لەلایەن خۆیەوە، رزگار شێخ عەلی، سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکەیانەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، داوایان لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردووە چاودێری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکات چونکە دادگایەکی بێلایەن نییە.

رزگار شێخ عەلی گوتیشی، لە نامەکەیاندا، وێرای باسکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئاماژەیان بە مەترسی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کردووە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکی ئەو رێکخراوە کوردییە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش لە هەولێر نامەیان ئاراستەی کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتان کردووە و ئێستاش لە لەندەنن بۆ هەمان مەبەست و لە داهاتووشدا، هەنگاوی دیکەیان دەبێت.

هاوکات جەختیکردەوە، لەو بڕوایەدان کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەتوانێت کاریگەری هەبێت و پێشتریش حکومەتی ئەو وڵاتە جەختی لەسەر پێکەوەژیان و دیموکراسی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتەوە.

رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.