دیبەیتی کوردستان24 سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان

سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە و غازی فەیسەڵ، بەڕێوه‌بەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی
سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە و غازی فەیسەڵ، بەڕێوه‌بەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی

K24 – هەولێر:

سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە و غازی فەیسەڵ، بەڕێوه‌بەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لەمیانەی بەشدارییان لە دیبەتی کوردستان24، رایانگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سیاسین، هەروەها دادگاکە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات.

 

سامان شاڵی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کودەتایەکە دژی هەرێمی کوردستان

سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، رایگەیاند، دادگای فیدراڵی بە تەنیا حکومی عێراق دەکات، هەروەها دادگاکە ئەجێندای وڵاتان جێبەجی دەکات.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، راشیگەیاند، دادگای فیدراڵی لە ئێستادا شوێنی پەرلەمان و حکومەتی گرتووەتەوە و لە عێراق  زۆر بە رەهایی مامەڵە دەکات، هەورەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان تێکدەدات.

سامان شاڵی، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کودەتایەکە دژی هەرێمی کوردستان، هەورەها دادگاکە لە رێگەی بڕیارەکانییەوە دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار بکات.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوەشکرد، دادگای فیدراڵی ناتوانێت یاسا بۆ هەرێمی کوردستان دابنێت. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، سەرۆککۆماری عێراق بەرامبەر پێشێلکارییە دەستورییەکان بێدەنگە.

عادل باخەوان: عێراق بەشێکە لە میحوەری مقاوەمە

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە دەزگا و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ ناکات، هەروەها بڕیارەکەی دژی کورسی پێکهاتەکان چاوەڕوانکراو بوو.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە، رایگەیاند، دادگای فیدراڵی کۆمەڵێک دۆسیەی بەهێزی لەبەرامبەر کورد و سوونە لەبەردەست دایە و کەی بیەوێت دژیان بەکاری دەهێنێت.

عادل باخەوان، راشیگەیاند، لە دوای شکستی هاوپەیمانی نێوان پارتی، رەوتی سەدر و تەقەدووم لە پەرلەمانی عێراق، لەو کاتییەوە هەرێمی کوردستان لە قاڵب دراوە، هەروەها دادگاکە دەیەوێت تۆڵە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە، باسی لەوەکرد، لە عێراق هێزێکی سیاسی نییە باوەڕی بە فیدراڵی هەبێت، بەڵکو هەموو شت لە عێراق تەنیا مورەکەبی سەر وەرەقەیە.

عادل باخەوان، دەڵێت: ئەوەی عێراق بەڕێوەدەبات بریتیە لە هێز، هەورەها عێراق کیانێکی سەرەبەخۆ و سیادی نییە، عێراق بەشێکە لە میحوەری مقاوەمە.

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە، گوتیشی: پێگەی کورد لەناو سیستەمی ئیدارەی عێرقدا پێگەیەکی هەژموون لەسەر کراوە.

غازی فەیسەڵ: سەرۆککۆماری عێراق پێویستە پارێزگاری لە دەستوور بکات

غازی فەیسەڵ، بەڕێوه‌بەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، دەڵێت: دادگای فیدراڵی بە گوێرەی دەستووری رۆڵێکی دیاریکراوی هەیە، تەنیا ئەرکی ئەو شرۆڤەکردنی یاساکانە و دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای نییە.

بەڕێوه‌بەری سەنتەری عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی دەستووری عێراقی پێشێل کردووە و لە ئێستادا دەسەڵاتی رەهای لە عێراق هەیە.

غازی فەیسەڵ، گوتی: سەرۆککۆمار پێویستە پارێزگاری لە دەستوور بکات.

گوتیشی: سەرکردەی شیعی و گرووپە چەکدارەکان بڕوایان بە دەستووری عێراق نییە و بەڵکو داوای گۆڕینیشی دەکەن.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.