مونا قەهوەچی: داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بەرگری لە مافەکانمان بکەن

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ئاماژە بەوەدەکات، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکان ئەنجام دەدەن و هەڵوێستی فەرمی خۆیان رادەگەیەنن، هاوکات داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵگەرییەکانی هەرێم کرد داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی شوباتی 2024) لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایگەیاند، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی 11 کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشانەوە، "لە سبەینێوە دەست بە زنجیرە کۆبوونەوەیەک دەکەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەڵوێستی فەرمی خۆمان رادەگەیەنین".

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵگەرییەکانی هەرێم کرد داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان بکەن.

رۆژی چوارشەممە (22ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی لە 12ـەمین دانیشتنیدا بریاری لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتییەوەدا، بەپێی بریارەکە ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111ـەوە کەمکرایەوە  بۆ 100 کورسی.

لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە رەتدەکەنەوە.

هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.