وەزارەتی پەروەردە وادەی نوێی تاقیکردنەوە گشتییەکان و پشووەکانی بەهاری راگەیاند

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، رایدەگەیەنێت، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی قوتابییان چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران و ئەو قوتابخانانەی کە لە رێكکەوتی 13ـی 9 دەستیان بە دەوام کردووە پشووەکانی مانگی 3 دەیانگرێتەوە، هاوکات گوتیشی: بۆ تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان یەک وادەی تاقیکردنەوە داندرا، جگە لە پۆلە ناکۆتاکان.

ئەمڕۆ سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لەسەر چارەنووسی قوتابییان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران، هاوکات رەچاوی بارودۆخی قوتابییان کراوە  و هیچ جیاوازییەک لە نێوان قوتابخانەکانی شار و شارۆچکە و پارێگاکان نەکراوە، یەک وادەش بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان داندراوە، جگە لە پۆلە ناکۆتاکان کە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و دووەم.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاماژەی بەوەدا، ئەو قوتابخانانەی کە لە 13ـی 9 دەستیان بە دەوامی فەرمی خوێندن کردووە پشووی مانگی 3 دەیانگرێتەوە کە لە 11ـی 3 دەستپێدەکات تاوەکو 23ـی 3، هەروەها ئەو قوتابخانانەشی کە درەنگ دەستیان بەخوێندن کردووە پشووەکەی مانگی 3 نایانگرێتەوە و دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی پشوو بۆیان.

سامان سیوەیلی، گوتیشی: قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ساڵانامەیەکی تایبەت بەخۆیان هەیە و بەرنامەی پشووییان جیایە لەگەڵ قوتابخانە ئاساییەکان، هەروەها پشووەکان سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر سەیوان، سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 دەڵێت: بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ قوتابییان و رەچاوکردنی بارودۆخیان هەموو بابەتەکان کەمکراونەتەوە بەبێ لێدەرکردن، تەنیا ئایین هیچ بەشێکی لێ کەم نەکراوەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، بەشەکانی وێژەی و زانستی پۆلی 12 بە رێژەی نزیکەی 12%  بۆ 18% بەپێی زۆری بەشەکانی بابەتەکان کەمکراونەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، نورەددین عوسمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، رایگەیاند؛ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، خولی یەکەم لە (23/6/2024 دەستپێدەکات تاوەکو 17/7/2024)، لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێت.

هەروەها خولی دووەم لە (17/8/ 2024 دەستپێدەکات تاوەکو 4/9/2024) تاقیکردنەوەکان رۆژێک نا رۆژێکە.

ناوبراو راشیگەیاند، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی 9 خولی یەکەم لە (7/5/2024 دەستپێدەکات تاوەکو 14/5/2024)، هەروەها خولی دووەم لە (28/5/2024 دەستپێدەکات تاوەکو 4/6/2024).

لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، گوتی: ئەوانەی دەوامی ئاسایی خۆییان لە 13ـی 9 دەستپێکردەوە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمیان لە (4/5/2024 دەستپێدەکات هەتاوەکو 13/5/2024)، هەروەها خولی دووەم لە (26/5/2024 دەستپێدەکات تا 4/6/2024).

گوتیشی: ئەو قوتابخانانەی کە لە 13ـی 9 دەوامی ئاسایی خۆیان دەستپێنەکردووە دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم و دووەمی ناکۆتاکان.

س
2
3
ژ