عێراقچی: هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکەمان بێ وەڵام نابێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند هێرشەکەی زێلێنسکی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران بە داوای ئیسرائیل بووە، و هۆشداری دا بە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا و وەزیری دەرەوەی رووسیا کە ئەم هەنگاوە بە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رەخنەی توندی لە ئۆکرانیا گرت بەهۆی بۆردوومانکردنی کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی کە بووە هۆی کوژرانی مەلەوانێکی ئەو وڵاتە.

عێراقچی نووسیویەتی: "ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی و بەهۆیەوە مەلەوانێکی کوشتووە. ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە داوای فەرمیی ئیسرائیل ئەنجامدراوە بە مەبەستی راکێشانی دەسەڵاتی ئەوروپا بۆ ناو جەنگەکەی خۆی."

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنج خستە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ کایا کالاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، و رایگەیاند، بە روونی بە هەردوو لایەنی گەیاندووە کە "ئەو کارەی کە لایەنی ئۆکرانی لە کیێڤ ئەنجامیداوە، بە هیچ شێوەیەک بە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت."

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کردووە.

عێراقچی لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، لەگەڵ سەرکۆنەکردنی توندی هێرشە سەربازییەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکەی ئێران لە دەریای قەزویندا، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و سەرجەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەڵوێستی روون و بڕیاردەر بگرنەبەر و بەرپرسان و پاڵپشتیکەرانی ئەم هێرشە سزا بدەن.

هەردوولا هاوکات ئاماژەیان بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز کرد، کە لە دوای وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا روویانداوە، و جەختیان لە سەر پێویستیی گرتنەبەری دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوە و مودیریەتکردنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە لایەکی دیکەوە، عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی هاوشێوەدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گفتوگۆ و راوێژیان کرد سەبارەت بە نوێترین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیهان و هەماهەنگیی ستراتیژیی نێوان تاران و مۆسکۆ لە مەلەفی جەنگەکەدا.

دوێنێ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەربازیی ئۆکرانیای کرد بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزوین، کە بووەتە هۆی تەقینەوە لە ناو کەشتییەکە و کوژرانی یەک مەلەوان و برینداربوونی یەکێکی دیکە.

تاران جەختی کردەوە، ئەم هێرشە پێشێلکردنی بەندی 4 لە ماددەی 2ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە کارێکی دەستدرێژیکارانە دایدەنێت کە دەبێتە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی ئاگری جەنگەکە. هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو: "دانپێدانی فەرمیی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە، نیشانەی بەردەوامیی رەفتارە نالۆژیکی و دوژمنکارانەکانی ئۆکرانیایە دژی ئێران." ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران جارێکی تر جەختی کردەوە کە ئەوان هیچ کات تێکەڵی ململانێکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نەبوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر زێلێنسکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیبووی: "ئێمە لە رێگەی لێدانی دوورمەوداوە لە دەریای قەزوین ئەنجامی زۆر باشمان بەدەستهێناوە، لەوانەش پێکانی چەند کەشتییەک رووسی و چەند کەشتییەک کە کەرەستە و باری سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێرانیان دەگواستەوە."