رووسیا مەرجی مانەوە لەسەر کرێکارانی بیانی توندتر دەکات
سەرۆکی رووسیا، یاسایەکی نوێی واژۆ کرد کە کرێکارانی بیانی پابەند دەکات بە دابینکردنی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان بە ئاستێک کە لە کەمترین ستانداردی بژێوی ئەو ناوچەیە کەمتر نەبێت کە تێیدا کار دەکەن.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا، یاسایەکی نوێی واژۆکرد کە تایبەتە بە کارکردنی کرێکرانی بیانی کە لەو وڵاتە کاردەکەن، بەپێی دەقی یاساکە ئەگەر هاووڵاتییەکی بیانی لە یەک کاتدا لە چەند ناوچەیەکدا کار بکات، بڕی تێچووی پێویست بۆ بژێوی لەسەر بنەمای بەرزترین کەمینەی بژێوی لەو ناوچانە هەژمار دەکرێت، بەڵام یاساکە جەختی کردووەتەوە، نابێت ئەم بڕە لە تێکڕای مووچەی مانگانەی شایستە لەو ناوچەیە زیاتر بێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، میکانیزمێکی ورد بۆ چاودێریکردنی داهاتی کۆچبەران دەستپێکراوە، فەرمانگەکانی باج زانیاری دەربارەی داهاتی بیانییەکان لە ماوەی 3، 6، 9 و 12 مانگدا دەدەنە وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات سندوقی کۆمەڵایەتی رووسیا زانیاری دەربارەی تۆماری کارەکانیان پێشکەش دەکات، ئەگەر داهاتی کرێکارە بیانییەکە لە ئاستی دیاریکراو کەمتر بێت، گرێبەستی کارەکەی بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و ماوەی نیشتەجێبوونی لە رووسیا کورت دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پووتین یاسایەکی دیکەی واژۆ کردووە، منداڵانی کرێکارە بیانییەکان دوای گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵی پابەند دەکات بە جێهێشتنی خاکی رووسیا، مەگەر هۆکارێکی یاسایییان بۆ مانەوە هەبێت یان داواکاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کار پێشکەش بکەن و لە ماوەی 30 رۆژدا پێشەکی باجی داهاتی کەسی بدەن.