قوتابییەکی کورد لە کەرکووک بووە یەکەم لەسەر ئاستی عێراق

قوتابییەکی کورد لە شاری کەرکووک پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی بەدەست هێنا. 

نیڤار بەختیار عادل، قوتابی ئامادەیی شیرینە بۆ خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک. ئەم قوتابییە توانی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12ـی ئامادەیی، کۆنمرەی 100 بەدەست بهێنێت و ببێتە یەکەمی سەر ئاستی کۆی وەزارەتی پەروەردەی عێراق.

لە بەرامبەر ئەم دەستکەوتەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی لە نیڤار بەختیار کرد. وەزیری پەروەردە خۆشحاڵیی خۆی بەم ئەنجامە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواست.

هەروەها لە پەیامەکەیدا ئالان حەمە سەعید، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم قوتابیانی دەرچووی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کرد و دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی خۆی گەیاندە بەڕێوەبەر و سەرجەم مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی خوێندنی کوردی لەو شارە، لە پای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە داویانە.

لە دوای ساڵی 2003ـەوە، خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستیپێکرد و سەدان قوتابخانە بۆ بەردەوامبوونی زمانی کوردی کرانەوە.

 سەرەڕای بوونی کێشەی سیاسی و کارگێڕی، پرۆسەی پەروەردەی کوردی لەم ناوچانە بەردەوامیی هەبووە.  قوتابیانی کورد لە کەرکووک ساڵانە لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەشدار دەبن.