ئاوارە و قوتابییان دژی داخستنی کەمپ و قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق گردبوونەوە

خۆپیشاندانی ئاوارە و قوتابیانی عێراق لە بەردەم نووسیگەی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە هەولێر
خۆپیشاندانی ئاوارە و قوتابیانی عێراق لە بەردەم نووسیگەی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە هەولێر

K24 - هەولێر

ئاوارەکان و بەشێک رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق لەبەردەم نووسینگەی سەرەکی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر دژ بە بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ داخستنی نووسینگەکانی خوێندن و کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندەوەو رایانگەیاند، بە داخستنی کەمپەکان و نووسینگەکانی پەروەردە، دەرگای کێشەی گەورەتر دەکرێتەوە، لە کاتێکدا هێشتا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێنەکراوە و خەڵکی رەسەنی جەرفولسەخریش ناوتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

رایانگەیاند، "ئەمڕۆ هاتووین بۆ گەیاندنی دەنگی سەدان هەزار کەس لە هاووڵاتییانی عێراق لە تەواوی چین و توێژە جیاوازەکانی ئاوارە و خەڵکی نیشتەجێبووی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە زێد و ناوچەکانیان جێهێشتووە، لە نێویاندا هۆکاری ئەمنیی و هۆکاری دیکەش هەن. ئێمە لێرەوە داخستنی فەرمانگەکانی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و داوای راگرتنی بڕیارەکە دەکەین، کە جێبەجێکردنی بڕیارەکە زیانێکی دیکە بەر هەزاران هاووڵاتییان دەکەوێت، بۆیە لێرەوە ئیدانەی بڕیارەکە دەکەین و جارێکی دیکە هەڵوێستی روونی خۆمان دووپات دەکەینەوە، کە دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و فشارخستنە سەر ئاوارەکانین بۆ ئەوەی بە زۆرملێ ناچار بە گەڕانەوە بکرێن بۆ ناوچەکانیان، چونکە بڕیارەکان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە وردی کاریان لە سەر نەکراوە و هەڵسەنگاندنیان بۆی نەکردووە، بە تایبەت دۆخی ئەمنی ناوچەو زێدی ئاوارەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە، چارەسەری کێشە بێشومارەکانی لە ناوچە ئازادکراوەکانیان نەکردووە، کە هێشتا کۆتاییان نەهاتووە".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "زۆرینەی ئێمە لە ماوەی داگیرکارییەکانی داعش و لێکەوتەکانی بەدۆخێکدا تێپەڕین، کە هیچ شتێکمان لە ناوچەکانمان نەماوە، هەربۆیە ناچارکردنمان نە گەڕانەوە دەچێتە چوارچێوەی راگواستنێکی زۆرەملێ، بە تایبەت ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، کە ژمارەیان 24 کەمپ دەبێت و لەم کاتە و دۆخەدا بەهۆکاری ئەمنی ناتوانین بگەڕێینەوە، بەهۆکارەکانی بوونی گرووپە چەکدارەکان، نەبوونی خزمەتگوزاریی و کەمی هەلی کارکردن، جیا لەمانەش چەندین کێشەی عەشایەری هەن، بۆیە داوای مافە دەستوورییەکانمان دەکەین و لە ماددەی 33ی دەستووردا هاتووە، پەروەردە و فێرکردن مافی تەواوی عێراقییەکانە بە دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندە رۆشنبیرییەکان، هەروەها لە ماددەی 34دا هاتووە، مافی خوێندن و فێربوون بۆ تەواوی عێراقییەکانە بەبێ بەرانبەر و بە خۆڕایی لە تەواوی قوتابخانە، زانکۆو پەیمانگەکانی، زیاتر لە 148 هەزار قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن سوودمەندن لەو خزمەتگوزاریانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێشکەشیان دەکات، کە زۆرینەی ئەو خێزانانەی سوودمەندن، هاووڵاتییانی هەژار و کەمداهاتن، کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەهۆکاری ئەو مەترسیی و دۆخەی لە ناوچەکانیان تووشی بوون، بۆیە لەم دۆخەدا زیاتر لە 350 هەزار ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بە تایبەتی لە کاتێکدا هێشتا رێککەوتننامەی شنگال جێىەجێ نەکراوە".

هەروەها ئاوارە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنی رایدەگەینن "نازانین وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە چ پێوەرێک لە ماوەی سێ مانگدا کەمپەکان دادەخات، بێ ئەوەی کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بکات، لە کاتێکدا 10 ساڵ بە سەر کێشەکاندا تێپەڕیون، کەچی هێشتا کێشەکان هەر وەک خۆیان ماون، بۆیە داوای مانەوەو بەردەوامبوونی نووسینگەکانی نوێنەرایەتییەکانی عێراق دەکەین لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، لە نێویشیاندا داوای فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی نوێنەرایەتییەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر دەکەین بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی یان بەڕێوەبەرایەتییەکی راستەخۆی سەر بە وەزارەت، بۆ ئەوەی کێشەی لە دابینکردنی بودجە و دارایی نەبێت".

هەروەها داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هاوکارییە ئەمنی و مرۆییەکان بۆ تەواوی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دابین بکات بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. رەخنەشیان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گرت بەوەی چەندین ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەشی ئاوارەکان نەکردووە، گوتیشیان " سەدان خێزانی ئاوارە مەحاڵە بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونکە هیچ بەڵگەنامەی پشتڕاستکراوەیان نەماوە، جیا لەوەی سەدان خێزانی دیکە بەهۆی بڕیاری دادگاوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمانەش پێویستیان بە چارەسەرێکی ریشەیی هەیە، بۆیە داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردەی عێراق و کەمپەکان بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان، دەرگای کێشەیەکی گەورەتر دەکاتەوە، بە تایبەت خەڵکی شنگال و جورفولسەخر بە ناچاری دەبێت لە کەمپەکان بمێننەوە".