بزووتنەوەی کورد و کەسایەتی بارزانی لە دۆسیەی ده‌زگای هه‌واڵگری نهێنی سۆڤیه‌تدا
ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی دوای نسكۆ و كه‌وتنی كۆماری كوردستان له مهاباد خۆی و زیاتر له پێنج سه‌د هه‌ڤاڵی، ئۆپراسیۆنی رێڕۆیشتنیان به‌ره‌و سۆڤیه‌ت ئه‌نجام دا و دوای ده‌یان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئێران و به‌ریه‌ككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و توركیا و سه‌دان ئاسته‌نگ و سه‌ختی، خۆیان گه‌یانده یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و دوای گه‌یشتنیان بۆ ماوه‌ی دوازه ساڵ له كۆماره‌كانی یه‌كێتییه‌كه مانه‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیاندا سه‌دان و هه‌زاران یادگاری و ئه‌رشیف و ناسۆریان هه‌ڵگرت و رووداوگهلێكی ئاشكرا و نهێنییان به دوای خۆیان به‌جێهێشت.
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ ئه‌و پیاوه سۆڤیهتییهی ماوه‌ی په‌نجا ساڵ كۆمۆنیست بووه و به‌رپرسیاریه‌تی له ده‌زگای هه‌واڵگری نهێنی سۆڤیه‌ت (K. G. B) هه‌بووه، یاوه‌ری ژه‌نه‌ڕاڵ بارزانی بووه له ساڵی 1959 كاتێك دوای دوازده ساڵ مانه‌وه له سۆڤیه‌ت و دوای شۆڕشی 14ـی ته‌ممووزی 1958 گه‌ڕایه‌وه نیشتمان. هه‌روه‌ها له ساڵی 1961، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌كان و گه‌یشتنی كه‌شتییه چه‌كهه‌ڵگره‌كانی سۆڤیه‌ت بووه وه‌ك یارمه‌تی بۆ شۆڕشی ئهیلوول.
دكتۆر جەزا چنگیانی ساڵی 2002 چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ ئه‌نجام داوه و به‌شێكی ده‌قی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار له كوردستان24 بڵاوده‌كرێته‌وه و مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی تایبه‌ت كراوه به‌و ده‌زگایه. ڤیکتۆرۆڤیچ له سه‌ره‌تای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر كه‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و به ئازا، زرنگ و خۆڕاگر ناوی بردووه.
دكتۆر جەزا چنگیانی: بۆچوونی ئێوه له باره‌ی كه‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فا چییه، له كاتێكدا ئێوه چه‌ند ساڵ لێی نزیك بوون و كارتان له‌گه‌ڵدا كردووه؟
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: بۆچوونی من له باره‌ی مەلا مستەفا بارزانی، لە پەرتووكهکەمدا "شاندێکی نھێنی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" زۆر ئاشکرایە. بارزانی یەکێکە لە رێبەر و پیاوە مەزنەکانی کورد به هه‌موو پێوه‌ر و مانایه‌ك "ھۆشیار، چالاک و سەرکردەیەکی نەتەوەیی" بوو. ئەو خاوەنی کەسایەتییهکی سادە نەبوو، بۆیە ناتوانین ھەر وا بە ئاسانی لە لایەنێکەوە لە سەری بپەیڤین نه‌خاسمه كه به درێژایی ته‌مه‌نی خەباتی کردووە كه خه‌باتێكی ئاسان و سادە نەبوو، چونکە پرسیی کوردی پەیوەندی بە بابەتێکەوە ھەیە کە هه‌موو کێشەکانی ئه‌مڕۆی مرۆڤی لەسەر بەندە، كه بابه‌تی نه‌وته؟ نه‌وت یانی بەرژەوەندی، کوردستانیش کە کانگه‌ی ئەم سامانه بەنرخەیە خەباتکردن تێیدا گاڵتە نییە!
بارزانی یەکێکە لە رێبەر و پیاوە مەزنەکانی کورد به هه‌موو پێوه‌ر و مانایه‌ك "ھۆشیار، چالاک و سەرکردەیەکی نەتەوەیی" بوو.
ئەرکی مەلا مستەفا لە نێوان بەرژەوندی و چاوچنۆکی زلھێزەکان و مافی کورد و خەباتەکەیدا ئەرکێکی ئاسان و سەرپێیی نەبوو. راستە مەلا مستەفا رووبەڕووی رژێمەکانی عێراق بووەوه، به‌ڵام لە پشت ئەوانەوە کۆمەڵە بەرژەوەندییەک ھەبوو کە پەیوەندی بە زلھێزەکانی جیھانەوە ھەبوو و زلھێزەکانی جیھانیش بە سۆڤیهتیشەوە لەسەر ئاستی بەرژەوەندییاندا پەیوەندیان لە تەک بارزانیدا دەکرد و به‌و دیده‌وه دەیانڕوانییە گرفتی کوردی، نه‌خاسمه دوای كه‌وتنی کۆماری كوردستان له مه‌هاباد بارزانی كه ساڵی 1947 کە گەیشتە سۆڤیه‌ت، سۆڤیه‌تییه‌كان هه‌وڵی زۆرمان دا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان بە کاری بھێنین، ته‌نانه‌ت به‌ر له گەڕانەوەشی بۆ عێراق و کوردستان له 1959"دا گفتوگۆمان لە تەکدا دەکرد، كه "به‌نده" لە زۆربەیاندا ئامادە بووم، بە نیازی ئەوەی ئەم کەسایەتییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانمان چ وەک دوژمنی ئیمپریالیزم یانیش وەک سەرکردەیەی نه‌ته‌وه‌یه‌ك کە خاوەنی کانگه‌ی پترۆلن بقۆزینه‌وه و به كاری بهێنین. مەلا مستەفا زۆر ھۆشیار بوو. ھەموو جار وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەی دەدایەوە و ده‌یگوت "من ئامادەم پارە و چەکتان لێ وەربگرم و ھاوکاری سیاسەتتان لە ناوچەکەدا بکەم، به‌و مه‌رجه‌ی ئێوەش بەرژەوەندی کورد بپارێزن، یانی دەبێ ئێوەش وەک زلھێزێک بەڵێنم بدەنێ کۆمەکی شۆڕشی کورد و ئامانجەکانی بکەن". راستییه‌كه‌ی ئەم داشبەداشەی بارزانی لە تەک ئێمەدا ھۆشیاری دیپلۆماسی ئەو پیاوەی نیشان دەدا.
راستییه‌كه‌ی من زۆر لێی نزیک بووم و ئەرکم بوو چاودێری بکەم، ئێمە پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ـه‌یش واتە لە کۆنەوه چاومان بڕیوه‌ته كوردستان بە تایبەتی لە وساتەوەی زانیمان ئەم خاکە پڕە لە نه‌وت. بێگومان ئەمە تەنیا سەرنجی ئێمە نەبووه، به‌ڵكو زلھێزەکانی دیكه دنیایش به ھەمان شێوە بوونه، بۆیە خەبات بۆ سەرکردەیەکی نیشتمانێكی پر نه‌وت و كانزا زۆر زەحمەتە! بارزانی راستە پاڵەوانی سەردەمی خۆی بوو، به‌ڵام میراتگری سەرکردەکانی پێش خۆیشی بووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا بارودۆخی سه‌رده‌می بارزانی دژوارتر بوو به‌راورد به سەرکردەکانی پێش خۆی، چونکە سامانی نه‌وت لە سەردەمی ئه‌ودا سامانێكی سرووشتی ستراتیژیی نێوده‌وڵه‌تی بوو كه تا ئێستاش هه‌مان شته.
بارزانی راستە پاڵەوانی سەردەمی خۆی بوو، به‌ڵام میراتگری سەرکردەکانی پێش خۆیشی بووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا بارودۆخی سه‌رده‌می بارزانی دژوارتر بوو به‌راورد به سەرکردەکانی پێش خۆی.
نكوڵی له‌وه ناكرێت بارزانی ھوشیار بوو و کارێکی نەکرد کە بە تەواوەتی گەلەکەی بسووتینێ و له ناوی ببات، راستە ئه‌و سەرکردەیەکی سەربازی بوو، بەڵام لە بوارەکانی دیكه‌یشدا توانای ھەبوو. مایه‌ی سه‌رنجه له‌گه‌ڵ سۆڤیهتییهكاندا دەیویست داشبەداشی بەرژەوەندی بکات، ئەمەیش کارێکی دیپلۆماسیانەیە. بەھۆی پەیوەندیی و نزیکبوونمەوە لێی، دۆستایەتیەکمان دروست کردبوو، كه زۆر جار خۆی داوای دەکردم، ئه‌مه‌یشم له كتێبه‌كه‌مدا ئاماژه پێ كردووه.
دكتۆر جەزا چنگیانی: ئێوه باس ده‌كه‌ن كه به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌كان و گه‌یشتنی كه‌شتییه چه‌كهه‌ڵگره‌كانی سۆڤیه‌ت بوونه بۆ شۆڕشی ئهیلوول، دەتوانن بە کورتی باسی چۆنیەتی گەیاندی ئەو چەکانە بکەن؟
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ئەمە چیرۆکێکی زۆر گرنگ و سه‌رسوڕهێنه‌ره! کاتێک سەرکردایەتیی سۆڤیه‌ت بڕیاری کۆمەکی شۆڕشی کوردی دا لە سەر ئەو بەڵێنە بوو کە کاتی خۆی بە مەلا مستەفا درابوو. بێگومان ناردنی چەک و تەقەمەنی لە وڵاتێکی وەک سۆڤیەتەوە بۆ کوردستان بە رێگەی ئاو و بە تێپەڕبوونی سنووری ئاویی چەند وڵاتێك کە زۆربەیان لە بەرەی دوژمنانی سۆڤیه‌ت بوون كه دیاره مه‌به‌ستم "سەردەمی جەنگی سارد" ئاسان نه‌بوو! چیرۆکەکە بەم شێوەیە بوو کە ئەندازیارەکەیشی بیگۆمان (K. G. B) بوو.
پڕۆسه‌كه دیاره له شاری "نیكۆڵا"ـی ئۆكرانی ده‌ستیپێكرد. راستییه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت نه‌یده‌توانی ئەو ھەموو چەک و تەقەمەنییە بە كه‌شتی ئاسایی بگوازێته‌وه، بۆیه ناچار بوو کۆمەڵێك كه‌شتی ماسیگر ئاماده بكات كه پڕ كران له سندووقی ماسی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ كوردستان گواسته‌وه! ئێمه ئه‌و كه‌شتییانه ورده ورده به دوای یه‌كدا به‌ره‌و كوردستان به‌ڕێكه‌وتین تا گه‌یشتینه به‌نده‌ری "لازیقیه" له سووریا و له‌وێیشه‌وه به هاوكاریی و یارمەتیداتی كوردی سووریا گه‌یشتینه باشووری كوردستان. جێی سه‌رنجه له‌ناو كوردی باشووردا سیخوڕی ئینگلیزه‌كان هه‌بوون، ئه‌وان كاتێك لۆرییهكان گه‌یشتنه سنووری عێراق بۆ وه‌رگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، حكومه‌تی عێراقیان به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم ئاگاداركرده‌وه. به‌م شێوه‌یه فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی عێراق هێرشیان كرده سه‌ر كاروانه‌كه و بۆردمانیان كرد.
دكتۆر جەزا چنگیانی: ئێوه به كوده‌تاكه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسم دڵخۆش بوون، بە گورزێکتان داده‌نا کە لە بەرژەوەندییه‌كانی ئیمپریالیزمی دابێت؟ قاسم رووی لە ئێوە کرد، لە ھەمان کاتدا یارمەتی مەلا مستەفا بارزانیتان دەدا له دژی قاسم! ئایا ئەم کۆمەک و هاوكارییه سه‌ربازییه‌ی ئێوە كه پێشكه‌شی مەلا مستەفاتان ده‌كرد، کۆمەک بوو بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد یان بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی کۆمپانییە نه‌وتییه‌كانی بەریتانی بوو؟
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ھێواش ھێواش، راستە ئێمە بە کودەتاکەی قاسم دڵخۆش بووین، بەڵام لە بیرتان نەچێت قاسمی ساڵی 1958 لەگەڵ قاسمی ساڵی 1961 كه کۆمەکی بزووتنەوەی کوردی و مەلا مستەفامان ده‌كرد، هه‌مان قاسم نه‌بوو و دوو قاسمی جیاواز بوون! قاسم بەرامبەر بە ئێمە و کورد گۆڕا و نیازی زۆر خراپی ھەبوو. مەلا مستەفا ئەمەی چاک دەزانی بۆیە لە ته‌ممووزی 1961 پەیوەندی بە ئۆفیسی (K. G. B) لە بەغدا کرد و داوای یارمەتی كرد و سەرکردایەتی ئێمەیش بڕوایان بە مەلا مستەفا کرد. من ئەو كات له له‌نده‌ن به‌رپرسی (K. G. B) بووم، لە بەر ئەوەی مەلا مستەفا ئه‌و كات منی بۆ ئەم کارە دەست نیشان كردبوو، بۆیە سەرکردایەتیی سۆڤیه‌ت بۆ مۆسکۆ بانگیان کردمەوە، تا نەگیشتمە مۆسکۆ نەمزانی کارێکی له‌م شێوه‌یه‌م پێ دەسپێرن.
عەبدولکەریم قاسم بەرامبەر بە ئێمە و کورد گۆڕا و نیازی زۆر خراپی ھەبوو.
دكتۆر جەزا چنگیانی: ساڵی 1961 كه ساڵی هاوكاریكردنی شۆڕشی كورد بوو له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ت و ناردنی كه‌شتی چه‌كهه‌ڵگر بوو، عه‌بدولكه‌ریم قاسم و حزبی شیوعی عێراق له یه‌ك به‌ره‌دا بوون و زۆر دڕندانه دژی بزووتنه‌وه‌ی كورد ده‌وه‌ستانه‌وه، به شێوه‌یه‌ك هه‌زاران جووتیار و ئافره‌ت و منداڵی كوردی گوند و ئاواییه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره كۆمۆنیسته‌كان كوژران و كرانه قوربانی، ئێوه به‌رده‌وام پشتیوانی‌تان له حزبی شیوعی عێراق ده‌كرد، هاوكات چه‌كتان به بارزانی و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ده‌دا، ئه‌م یارمهتییانهیشتان له شیوعییه‌كانی عێراق ده‌شارده‌وه. باشه نه‌ده‌بوو ئێوه كارێك بكه‌ن كه شیوعییه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به كورد و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده دڕنده و توند نه‌بن؟
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: راسته من وەک ژەنەراڵێک و ئەندامێکی دەزگایەکی وەک (K. G. B) کارم کردووە، به‌ڵام ئاگام لە ھەموو نھێنییەکانی سەرەوە نەبووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا دەتوانم بڵێم ئەم بەرزی و نزمییە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییهكانماندا بووه.
دكتۆر جەزا چنگیانی: با لە باره‌ی باشووری کوردستانه‌وه کە ساڵانیکی زۆر جێ سەرنجتان بووە قسە بکەین. ئەمەریکا بەبێ نه‌وت و وزه‌ی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بژی. نه‌وتی کوردستان مەبەستم نه‌وتی باشووری کوردستان و رۆژھەڵاتی کوردستانه، بە لێکدانی ھەردووکیان کوردستان دوای سعوودیە لە پلەی دووەم دایە لە نه‌وتی یه‌ده‌گدا، ئەمەیش لە لای ئێوە و ئەمەریکاییەکان روونه و شاراوه نییه. ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا ماوه‌ی نزیكه‌ی 12 ساڵه (1991 – 2002) باشووری كوردستان كه دیفاكتۆیه‌كی سیاسییه له رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌ددام حوسێن ده‌پارێزن، پێتان وایه دەوڵەمەندی کوردستان بە نه‌وت دەبێتە ھۆی دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی؟ بە تایبەتی لە سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا، نه‌خاسمه كه جۆرج بووشی (باوك) له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا (1989 – 1993) رایگه‌یاند، سه‌رده‌ی بیست و یه‌ك ده‌بێته سه‌ده‌ی ئه‌مه‌ریكا یانی سه‌ده‌ی نه‌وت!
دڵنیام لەوەی ئەگەر عێراق بیەوێت جارێکی دیكه دەست لە کورد بوەشێنێت، ئەمەریکا بێدەنگ نابێت و کورد دەپارێزێت.
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ئاشكرایه بەرژەوەندیی ھەموو شتێك دروست دەکات. ناتوانین راستەوخۆ بڵێین ئا یان نا، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەگەر عێراق بیەوێت جارێکی دیكه دەست لە کورد بوەشێنێت، ئەمەریکا بێدەنگ نابێت و کورد دەپارێزێت. بۆ کرۆکی پرسیارەکەت و دەوڵەتی کوردی دەبێ بە وریاییەوە وەڵام بدەمەوە. پێم وایە ئەمەریکا بەبێ داڕشتن و خۆشکردنی زەمینەیەکی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت بە تەنیا دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت، چونکە کۆمەڵێك نه‌ته‌وه لە دنیادا ھەن وەک کورد به دوای دروستكردنی ده‌وڵه‌تن له‌وانه‌یش ئێرله‌ندییه‌كان، گه‌لی باسك له ئیسپانیا و چیچانییهكانی رووسیا و چه‌ندانی دیكه. دەکرێت جیاوازی ھەبێ و بڕواشم وایە ئەمه‌ریکا بە تەنیا ناتوانێت سەرپێچی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات، بەڵام دەکرێ ئەمەریکا زەمینەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خۆش کردبێت ئەویش بە ھۆی دەوڵەتی عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن كه دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی دوای سه‌ددامیش به خواستی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت و كۆپییه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌بێت، کە ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ده‌وڵه‌تێكی كوردیش دروست بكات، ئه‌و كات له رێگه‌ی عێراقه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌وه ئه‌و ده‌وڵه‌ته كوردییه دروست ده‌كات، ئه‌و كاتیش ئێران، سووریا و توركیا ناتوانن زاریان به‌رامبه‌ر به‌و ده‌وڵه‌ته كوردییه بكه‌نه‌وه، چونكه ده‌زانن ئه‌مه‌ریكا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌وتی كورد ئاماده ده‌بێت رووبه‌ڕووی هه‌ر سێ وڵاته‌كه ببێته‌وه.
دكتۆر جەزا چنگیانی: ئێوه‌ی رووس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی‌دا بێدەنگ دەبن؟
ئەلکسەندەر ڤیکتۆرۆڤیچ: ئێمە تووشی دووڕیانێک دەبین. یەکەم ناتوانین دژی دەوڵەتی کوردی بین، چونکە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە ھەیە کە دەبێ ئێمە رێزی لێ بگرین. دووەم رووسیا بیر لەوە دەکاتەوە بە هێمنی و دیپلۆماسییانه دان به ده‌وڵه‌تی كوردیدا بنێت و بەرژەوەندی و بازاڕی خۆی لە تەک کۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی کوردستان رێک بخات، به‌و مانایه رووسیا ئه‌و كات ده‌ست به "كاسبی نه‌وت" ده‌كات.