وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران بەبێ هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان، شاند نانێرینە پاکستان

گەشتی شاندی باڵای ئەمریکا بۆ پاکستان هەڵوەشایەوە دوای ئەوەی تاران مەرجی هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆکانی خستە سەر مێزی نێوەندگیرەکان. ئێستا کوشنەر و ڤانس لەبری ئیسلامئاباد لە کۆشکی سپین، جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئاگربەست دەکات، چونکە بێدەنگیی دیپلۆماسی لە پاکستان رەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەورەترین پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا.

سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، لە نوێترین پێشهاتی دراماتیکیدا، ئومێدەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتنە بنبەست. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە، تەنیا بە یەک مەرج ئامادەیە شاندەکەی بنێرێتە پاکستان، ئەویش هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکایە لەسەر بەندەرەکانی ئێران.

بەهۆی ئەم مەرجە نوێیەی تاران، گەشتی شاندی باڵای ئەمریکا کە بڕیار بوو لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، جەرید کوشنەر، راوێژکاری باڵا و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت پێکبێت، بۆ پاکستان هەڵوەشایەوە یان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. ئەم بەرپرسانەی ئەمریکا ئێستا لە واشنتن ماونەتەوە بۆ راوێژی زیاتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشی سپی لە کۆبوونەوەدان.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکات و ئامادە نییە لەژێر فشاری گەمارۆدا دانوستان بکات. لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بۆ پاشەکشە یان چاوپۆشی نیشان نەداوە و گەمارۆکەی وەک کارتێکی سەرەکیی فشار لە دەستدا هێشتووەتەوە.

ئەم پەککەوتنەی دانوستانەکان لە کاتێکدایە کە وادەی ئاگربەستە کاتییەکە تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەمی ماوە. چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەمە "خراپترین دۆخە" لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە، چونکە هیچ یەک لە لایەنەکان ئامادە نین یەکەم هەنگاوی پاشەکشە بنێن.

حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاندووە کە ناتوانن میوانداریی دانوستانەکان بکەن ئەگەر لایەنی ئێرانی بەشداری نەکات. پاکستان هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی ترەمپ قایل بکات زمانی هەڕەشە و گەمارۆ توند نەکات، بەڵام پێدەچێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان گەیشتبنە خاڵی کۆتایی.