ئیلۆن ماسک لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی وەڵامی جۆو بایدن دەداتەوە

K24 - هەولێر

ئیلۆن ماسک رایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی نایاسایی "درۆیەکی ئاشکرایە".

ئیلۆن ماسک، گەورە بازرگان و ملیادێری ئەمەریکا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نوسیویەتی: "تاوەکو فەرمانەکانی جێبەجێکردن هەڵنەگیرێن، ئەوە بانگەشەکانی جۆو بایدن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری درۆیە".

ماسک ئاماژەی بەوەدا کە لێشاوی بەرفراوانی کۆچبەری نایاسایی بەهۆی "94 فەرمانی جێبەجێکردنی ئیدارەی بایدن"ەوە بووە.

ماسک هۆشداریشی داوە و دەڵێت: "بودجەی فیدراڵی ئەمەریکا لە داهاتوودا بەشی هیچ شتێک ناکات، جگە لە پێدانی سوودی قەرزەکان".

پێشتریش فەرمانگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندبوو، قەرزەکانی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2034 ئاستێکی پێوانەیی تۆماردەکات، بە رێژەی %116 .  

ئەمەریکا لە چەند مانگی رابردوودا ئاستی پێوانەیی کۆچبەری نایاسایی بەخۆیەوە بینیوە، بەرپرسانی سنوورەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا 302 هەزار دەروازەی سنووری نایاسایییان تۆمارکردووە، کە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی یەک مانگدا بووە، جگە لەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە کۆچبەرانی نایاسایی تۆمارکراون بەدرێژایی ئەو سێ ساڵەی کە بایدن فەرمانڕەوایی ئەمەریکای کردووە.