کارۆخ خۆشناو: هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکا دەمێنێتەوە
K24 - هەولێر
شارەزایەکی کاروباری ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە هاوبەشێکی ستراتیژی خۆی دەبینێت، هەروەها بەکارهێنانی چەمکی کوردستانێکی بەهێز لەلایەن ئەنتۆنی بلینکنەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچەیە کە ئەمەریکا متمانەی پێیەتی.
کارۆخ خۆشناو، شارەزای کاروباری ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمەریکا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە هاوبەشێکی ستراتیژی خۆی دەبینێت، هەروەها پێگەی جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستان بەگرنگ دەزانێت. بۆیە لەو ئاستە باڵایە پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، "بەکارهێنانی هێزی نەرم یان دیپلۆماسییەت وایکردووە، ئەو نیگەرانییە بڕەوێننەوە کە کۆمەڵێک لایەن بەتایبەتی لە دادگای فیدراڵی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لە "قالب" بدەن یان قەوارەی هەرێمی کوردستان سنووردار بکەن، بەڵام سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمەریکا و داڤۆس و سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ میونشن، ئەو بەستەڵەکانەیان تواندەوە".
باسی لەوەشکرد، "گرنگی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا دەیوانین لە چوار خاڵ کورتی بکەینەوە، یەکەمیان پێگەی هەرێمی کوردستان لەرووی سیاسی و دیپلۆماسی، دووەم لە ئاستی ئابووری و وزە، سێیەمشیان لە ئاستی بەرقەراربوونی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چونکە هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی لە جیاتی جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆر دەکات. دەشڵێت: چوارەم خاڵ رێزگرتنە لە بەها باڵاکان، ئەمەش بەلای ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە گرنگن وەکو مافی مرۆڤ، دیموکراسی و پێگەی پێکەوە ژیان"
ئەو شارەزایە دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان متمانەیەکی باڵای هەیە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هەروەها بەکارهێنانی چەمکی کوردستانێکی بەهێز لەلایەن ئەنتۆنی بلینکنەوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچەیە کە ئەمەریکا متمانەی پێیەتی و گرەوی لەسەر دەکات، لە داهاتووشدا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی ئەمەریکا دەمێنێتەوە".