سوودان داوایەکی ئێران رەتدەکاتەوە
K24 - هەولێر
راوێژکارێکی ئەمنی سوودان رایگەیاند، ئێران داوای لە سوپای سوودان کردووە رێگەی پێبدات بنکەیەک لەسەر دەریای سوور دروست بکات، بەڵام خەرتوم داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.
ئەحمەد حەسەن محەممەد، راوێژکاری ئەمنی سوودان بە رۆژنامەی "WSJ" راگەیاند، ئێران داوای لە سوپای سوودان کردووە رێگەی پێبدات بنکەیەک لەسەر دەریای سوور دروست بکات، بەڵام خەرتوم داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە.
راوێژکارە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سوپای سوودان دابینکردووە، هەروەها پێشنیاری کردووە ئەگەر سوودان رێگەی پێبدات بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای سوور دابمەزرێنێت، ئەوە کەشتییەکی جەنگی فڕۆکە هەڵگر رەوانەی ئەو شوێنە دەکات.
گوتیشی: "ئێرانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە دەیانەوێت ئەو بنکەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بەکاربهێنن، هەروەها دەیانویست کەشتی جەنگی لەوێ دابنێن، بەڵام خەرتوم پێشنیارەکەی ئێرانی رەتکردەوە بۆ ئەوەی لە کاردانەوەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە".
حەسەن گوتیشی: "سوودان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کڕیووە، چونکە پێویستمان بە چەکی وردتر بوو بۆ کەمکردنەوەی لە دەستدانی گیانی مرۆڤ و رێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.
رۆژنامەکە رایگەیاند، بوونی بنکەیەک لەسەر دەریای سوور رێگە بە تاران دەدات دەستی خۆی لە هێڵەکانی کەشتیوانی جیهانی توندتر بکات، بەو پێیەی یارمەتی حوسییەکان لە یەمەن دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکان.
رۆژنامەکە روونیشیکردەوە، داواکەی ئێران تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی زلهێزەکانی ناوچەکە بە سوودوەرگرتن لە شەڕی ناوخۆی سوودان، بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەک لەو وڵاتەدا، کە ڕێگایەکی ستراتیژی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقایە.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە ڕێپێوانەکانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا یارمەتی حکومەتی سودانیان داوە بۆ ئەوەی ناوچە گرنگەکانی خەرتوم کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.