شەپۆلێکی بارانباران بارینی بە لێزمە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگرێتەوە
هۆشداری لە کەشوهەوای 14 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدرێت

K24 - هەولێر
ناوەندی پێشبینی کەشوهەوای ئێران هۆشداری لە شەپۆلێکی بەفرو بارانبارینی بە لێزمە لە 14 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، هەندێک لە ناوچەکان لەگەڵ دابارین، هەورە بروسکەو بای بەهێز دەیانگرێتەوە و ئەگەر هەیە لە چەند ناوچەیەکیش خۆڵبارین رووبدات.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لە پارێزگاکانی ورمێی، سنە، کرماشان و ناوچەکانی باکووری پارێزگای ئیلام لە رۆژی هەینییەوە (8ی ئاداری 2024) شەپۆلێکی بەفرو بارانبارین ناوچەکانی دامێنی زنجیرە چیای زاگرۆس و چەند پارێزگایەکی رۆژئاوا، باکوور و باشووری رۆژئاوا دەگرێتەوەو شەپۆلەکە تاوەکوو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
هەروەها پێشبینی دەکات، بەهۆی زۆری دابارینەوە و ئاوی رووبارەکان بەرزبێتەوە و لە هەندێک ناوچەکان رێگەی هاتووچۆ دابخرێت، هاوکات هۆشداریشیداوە، بەهۆی بەفربارین وهەڵکردنی زریانەوە، ئەگەر هەیە رێگاکان، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی شەختەو سەهۆڵبەندانەوە ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بێت.
کەشناسی هۆشداریشیداوە، مەترسی هەیە ئەم شەپۆلە سەرمایە زیان بە کەرتی کشتوکاڵی و شەتڵی باخەکانیش بگەیەنێت.
ناوەندی پێشبینی کەشوهەوای ئێران داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەم چەند رۆژەدا خۆیان لە گەشت و سەردانی ناپێویست ببوێرن، ئەگەر ناچاریش بوون، ئەوا لە ناوچە شاخاوییەکاندا کەلوپەلی پێویست بۆ ئۆتۆمبیلەکانیان دابین بکەن تاوەکوو لە نێو بەفردا پەکیان نەکەوێت و لە رێگە بەستەڵەکەکاندا تووشی هیچ مەترسیی و رووداوێکی نەخوازراو نەبنەوە.