ئەرشەد ساڵحی: نابێت ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێتە پێوەر بۆ دابەشکردنی پۆستەکان

ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، دەیانەوێت ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی شارەکە بکات و بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانیش ئاماژە بەوەدەکات، داوا دەکەن لەسەر بنەمای تەوافوق بێت و ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکرێتە پێوەر.

رۆژی یەکشەممە (10ـی ئاداری 2024) ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: هەردوو پۆستی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی شارەکە رۆلێکی گەورەیان هەیە بۆیە دەیانەوێت لەسەر بنەمای سازانی نێوان پێکهاتەکان بە نۆرە پۆستەکان بەڕێوەببرێن.

ئەرشەد ساڵحی گوتیشی: ناکرێت پشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبەستین بەڵام لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە کە پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەشێوەی دادپەروەرانە لە نێوان پێکهاتەکاندا دابەش بکرێت و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە گۆڕانی دیمۆگرافی لە شارەکە لە سەردەمی رژێمی پێشوو، کاریگەری لەسەر هەردوو پێکهاتەی کورد و تورکمان دروستکردووە و ئەمەش وادەکات حسابێکی تایبەت بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت.

هاوکات ساڵحی دووپاتیکردەوە، ئەوان دەیانەوێت پۆستە سەرەکییەکان بەشێوەی نۆرە هەر ساڵ و نیوێک بۆ پێکهاتەیەک بێت ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەر سێ پێکهاتەی کورد، تورکمان و عەرەب دەبێت کە ئێستا نوێنەرایەتییان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە.

ساڵحی گوتیشی: ئێستا تێڕوانین و دیدگای پارتی لە بەرەی تورکمانی و عەرەب نزیکە و دەکرێت ئەو سێ لایەنە لەبارەی دابەشکردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رێکبکەون.

زیاتر گوتی: "ئەگەر گەیشتینە رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی و بەرەی تورکمانی و عەرەب ئەگەر سەر سێ پێکهاتەکە رێكکەوتن، ئەو کات هەر پێکهاتەیەک ساڵ و نیوێک پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک وەردەگرێت، لەنێوان سێ پێکهاتەکە بەنۆرە دەبێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکی دیکە کرا و بەشێک لە کورد ویستی رێکبکەوێت ئەو کات دەتوانین بژاردەیەکی دیکە بگرینە بەر و لەگەڵ بەشێک لە کورد رێکبکەوین، دەکرێت لەگەڵ ئەو بەشە رێکبکەوین کە ئێستا بە گونجاوی دەبینین ئەویش پارتیە و تێڕوانینەکانی لە ئێمە نزیکە. عەرەب و تورکمان و پارتی تێڕوانینیان لێک نزیکە و بابەتەکە رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی نییە بەڵکو دەمانەوێت بگه‌ینه‌ سازان، بەڵام یەکێتی رژدە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار تەنیا بۆخۆی بێت و هەندێک جار دەیەوێت تەنیا لەگەڵ عەرەب بەنۆرە بێت و دوو ساڵ بۆخۆی بێت و دوو ساڵ بۆ عەرەب بێت".

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).

بەگوێرەی ئەنجامی لایەنەکان ئەو 16 کورسییە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە رێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە و بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکەشەوە، بەبێ سازانی لایەنەکان و تەوافقی سیاسیی، ئەستەمە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە ئاسانی ئەنجامبدرێت.

Fly Erbil Advertisment