محەمەد شیمشەک: ناجێگیری بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار کاتییە

K24 - هەولێر:
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، هەڵبەز و دابەزی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار کاتییە و جەختی لە بەردەوامیدان لەسەر چاکسازی و گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی ئابووری وڵاتەکەی کردەوە.
محەمەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەو هەڵبەز و دابەزەی کە لەبەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دەبێت پێویستە وەک شتێکی کاتی سەیری بکەن و سەرەڕای هەموو ئەوانە لە سیاسەتە ئابوورییەکانیان بەردەوام دەبن.
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا راشیگەیاند، رژدن لە چاکسازییەکان و گۆڕانکاریی پێکهاتەییان لە ئیدارەدانی ئابووری و دارایی وڵات کردووە و باسی لەوەشکردووە، سەقامگیری بازاڕ سەرەکیترین ئامانجیانە و ئێستا ترکیا لەرێگەی ئەو سیاسەتانەوە زیاتر گەشە دەکات.
قسەکانی شیمشەک لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رێژەی بێکاری بڵاوکرایەوە و بەبەراورد لەگەڵ مانگی رابردوو، لە 0.2% زیادیکردووە، هاوکات دابەزینی بەهای لیرە بەردەوامە کە کاریگەری زۆری لەسەر نرخی کەلوپەل و بژێوی هاووڵاتییان دروستکردووە.
رۆژی (11ـی ئاداری 2024) لە راپۆرتێکدا دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاندووە، مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ رێژەی بێکاری لەسەدا 0.2 زیادی کردووە و بۆ لەسەدا 9.1 بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بێکارانیش بۆ 3 ملیۆن و 214 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ئامارەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان 15 ساڵ و سەروویانە، بەوپێیەش مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ 85 هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە بەڵام رێژەکە بەبەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی رابردوو لە 0.6% کەمی کردووە. بێکاری لە تورکیا لە 7.7%ـیان پیاون و لە 11.7%ـیشیان ئافرەتن.
پێشتریش لە راپۆرتێکی هاوبەشی دەستەی ئامار و وەزارەتی بازرگانی، قەبارەی هەناردەکردن لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی رابردوو، 3.5% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 19 ملیار و 991 ملیۆن دۆلار. هاوکات راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هاوردەکردن لە 22% کەمیکردووە و بۆ 26 ملیار و 218 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
کورتهێنانی نێوان هەناردە و هاوردە لە 56.4% دابەزیوە و بووەتە 6 ملیار و 226 ملیۆن دۆلار، هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ ئەڵمانیا کردووە، عێراقیش لە پلەی سێیەم دێت و ملیارێک و 97 ملیۆن دۆلارە. هەروەها تورکیا زۆرترین هاوردەی لە رووسیا کردووە و قەبارەکەی چوار ملیار و 324 ملیۆن دۆلارە.