وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدان

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە سەر سێ پرسی جیاواز وەزیری دارایی حکومەتی عێراقی بانگهێشتی پەرلەمان کردووە و ئێستا لە کۆبوونەوەدان، یەکێک لە پرسەکان تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە سەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی ئاداری 2024)، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەی لیژنەکە بووە.

لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق پرسی مووچەی مووچەخۆران و هۆکاری نە ناردنی پشکی بوودجەی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەرباس.

هەر لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لە سەر داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان و باج دەکرێت، بڕیارە لەسەر هەرسێ تەوەرەکە تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق روونکردنەوە بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە رۆژی 06-03-2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرچەندە بە هۆکاری داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەندێک ئاستەنگی هونەری بوون و بووە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی لیستەکە، بەڵام لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووتە بەغدا بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق مووچە رەوانە بکات.

دوای پێنج رۆژ تێپەڕبوون بە سەر گەیشتی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 11-03-2024، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دوو نووسراوی جیاوازدا کە بۆ یەکەی سیستەمی پارەدانی وەزارەتەکەی ناردووە، فەرمانیکردووە بە زیادکردنی زیاتر لە 130 ملیار دینار بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خانەنشینان و ئەوانەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە.

لە نووسراوی یەکەمدا، وەزیری دارایی عێراق داوای زیادکردنی 10 ملیار و 997 ملیۆن و 100 هەزار دیناری "بە شێوەی قەرز" بۆ سەر هەژماری بانکیی بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان.

لە نووسراوی دووەمیشیدا، وەزیری دارایی عێراق داوای زیادکردنی 119 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار و 614 دینار "بە شێوەی قەرز" بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری دارایی عێراق لە هەردوو نووسراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، بۆ مووچەی مانگی ئادار، ئەگەر هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێتەوە، هیچ بڕە پارەیەک ناخەنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.