شاخەوان عەبدوڵڵا: داواکارییەکانی فراکسیۆنی پارتی لە سوودانی داواکاری خەڵکی کوردستان بوون

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە نین، هاوکات ئەو دادگایە بووەتە چەکوشێک بۆ پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادگایەکی نادەستوورییە و بڕیار لەسەر کۆمەڵێک پرس دەدات کە کاری ئەو نییە، ئەو دادگایە یاسا دادەنێت و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراقیشی پێشێل کردووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "پرسی دارایی و تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران دیسانەوە کاری دادگای فیدراڵی نییە، خۆزگە بڕیارەکەی دادگا دادپەروەرانە بووایە بۆ ئەوەی دەستخۆشیمان لێبکردبایە".

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: لە پەرلەمانی عێراق بڕی 775 ملیار دینار بڕیاری لێدراوە کە هەموو مانگێک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام ئەو دادگایە هاتووە ئەو بڕەشی کەمکردووەتەوە، کەواتە دادگای فیدراڵی لە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی دەرچووە، لە ئێستادا بووتە چەکوشێك بۆ پێشلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو سەبارەت بە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکدا چەند داواکارییەکیان پێشکەش بە سوودانی کرد، هاوکات داواکارییەکانی فراکسیۆنی پارتی لە سوودانی داواکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی وەزیری دارایی عێراق گوتی: تەیف سامی تەنیا فەرمانبەرێکە و ناتوانێت رووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی عێراق ببێتەوە، ئەگەر سوودانی مەیلی لێبێت هیچ کەسێک ناتوانێت رێگربێت لە بەرانبەر پێدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "لە ئێستادا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".

لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ مووچە ناردوویەتی، نزیکەی 59%ـی بودجەی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش دەستوەردانە لە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دزینی قوتی ئەو هەرێمەیە، بەغدا تەنیا یاری بە هەستی خەڵک دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بودجە بە تەواوی نانێرن.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم ناکەن، هەروەها ئەگەر مافی خەڵکی هەرێم پێشێل بکرێت دەستەوەستان ناوەستین و، کشانەوەی کورد یەکێک دەبێت لە بژاردەکان".

Fly Erbil Advertisment