ئەستێرەکەی ریاڵ مەدرید پێش هاتنی ئێمباپێ یانەکەی جێدێڵێت؟
دەنگۆیەکی بەهێزی هەیە وەرزی داهاتوو، کلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید بکات، لە بەرامبەردا دەنگۆی ئەوەش هەیە دوای هاتنی ئەو یاریزانە، رەنگە رۆدریگۆ ببێتە قوربانی و یانەکەی جێبێڵێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لەسەر ئەم دەنگۆیانە پەیوەندی بە بەرێوەبەری کارەکانی یاریزانە بەڕازیلیەکەی یانە شاهانەکەوە کردووە، پرسیاریان لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە کردووە، لە وەڵامدا بەرێوەبەری کارەکانی هێرشبەرەکەی مێرنگی، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
رۆدریگۆ بە هیچ شێوەیەک گوێ بەم دەنگۆیانە نادات، ئەمە قسەی بەرێوەبەری کارەکانیەتی، هەروەها دەشڵێت ئەو دەیەوێت پابەندی گرێبەستەکەی بێت کە لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بیر لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی ناکاتەوە. بگرە ئامادەیە بۆ رکابەریەکی بەهێز لەگەڵ یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان.
رۆدریگۆ بێجگە لە ئێمباپێ، وەرزی داهاتوو دەبێت رکابەری لەگەڵ ئاندریک هێرشبەری هاونیشتیمانی بکات، ئەو یاریزانەی یانەی پاڵمێراسی بەڕازیلی، پێشوەختە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کراوە و هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە یانە ئیسپانیەکە دەکات.