فابریگاس ده‌یه‌وێت بچێته ریال مه‌درید
په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ فلۆرێنتینیۆ پێرێز كردووه

سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی بریتانیا ئاشكرای كردووه كه فابریگاس ده‌یه‌وێت له ده‌رگه‌ی ریال مه‌دریده‌وه بگه‌ڕێته‌وه لالیگا و تۆڵه‌ی ده‌ركردنه‌كه‌ی پێشووی له بارسێلۆنا بكاته‌وه.
له ڕاپۆرته هه‌واڵێكی Daily Expressـی بریتانیادا هاتووه كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16 ئابی 2016 بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه فابریگاس به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید راسپاردووه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشت ڕاست كردۆته‌وه و نهێنییه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا كردووه و تێیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه فابریگاس له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید قسه‌ی كردووه و گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هۆكاری به‌شداری نه‌كردنی فابریگاس، له یه‌كه‌مین یاریی وه‌رزی نوێی پرێمه‌ر لیگ بۆ ئه‌گه‌ری رۆیشتنی ئه‌م یاریزانه ده‌گه‌ڕێته‌وه و، كۆنتی راهێنه‌ری بلووز پێی راگه‌یاندووه تا به‌ته‌واوه‌تی خۆی یه‌كلا نه‌كاته‌وه، له پلانه‌كانی ئه‌و جێگه‌ی نابێته‌وه.
فابریگاسی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له ئه‌كادیمیای لاماسیای تایبه‌ت به یانه‌ی بارسێلۆنا پێگه‌یشتووه، له 2003 كه ئه‌وكات سیسك ته‌مه‌نی 16 ساڵی بوو، بارسێلۆنا بۆ یانه‌ی ئارسێناڵ ده‌ستبه‌رداری بوو، دواتر له 2011 بارسا ئه‌م یاریزانه‌ی بۆ ماڵه كۆنه‌كه‌ی خۆی گه‌ڕانده‌وه، دیسان له 2014 ئه‌م یاریزانه‌ی خسته لیستی یاریزانه فرۆشراوه‌كان و به چێڵسی فرۆشت، ئێستاش فابریگاس ده‌یه‌وێت به چوونی بۆ یانه‌ی ریال مه‌دریدی ركابه‌ره‌كه‌ی بارسا تۆڵه‌ی خۆی له بلاوگرانا بكاته‌وه.