مەسرور بارزانی بۆ پارێزگاری دهۆک: ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان ئەنجامی بدەن
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی دهۆک بە زووترین کات بکرێت.
راگەیاندنی پارێزگای دهۆک بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 19-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کردووە و داوای کردووە "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
پارێزگای دهۆک لە راگەیەندراوێکی دیکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەسەر هێڵە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاوەکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. لە دهۆک، بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێک لافاو هەڵساوە و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.
چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند، بەشێکی زۆری زیانی لافاوەکە بەر کۆمەڵگەی دۆمیز و گەڕەکەکانی بەڕووشکێ و نەزارکێ کەوتوون، ئاستی ئاوەکە بە شێوەیەک بەرزبووەتەوە، خانووی ژمارەیەک هاووڵاتیی بنئاو کەوتوون و زیانی ماددیی زۆریان بەرکەوتووە.
