وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین: ئیسرائیل دەستی بە وێرانکردنی ڕەفەح کردووە

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل "دەستی کردووە بە وێرانکردنی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە و چاوەڕێی مۆڵەتی کەسیش ناکات، هەروەها لەبەر کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان ئەو کردارەی ڕانەگەیاندووە".
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین، بە توندترین شێوە ئیدانەی "ئەو بۆردومانە دڕندانە و خوێناوییەی کرد کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کراوە، هەروەها لە دوێنێوە بۆردومانی ماڵی هاووڵاتیانی دانیشتووانی ڕەفەح دەکەن و دەیان کەس کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن بوونە".
وەزارەتەکە گوتی:"ئەم بۆردومانە خوێناوییە لە ڕەفەح بە سەرەتایەکی جیددی بۆ فراوانکردنی تاوانەکانە، سەرەڕای بوونی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە ناوچەکە، بەبێ ئەوەی هیچ سەلامەتیی ژیانیان ڕەچاو بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "فراوانکردنی تاوانەکانی جینۆساید بۆ ئەوەی ڕەفەحیش بگرێتەوە، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی گەشتەکەی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا" کە لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا نەبوونی هیچ پلانێکی جیددی ئیسرائیلی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕەفەح پشتڕاست کردەوە و داوای کرد ئیسرائیل ئەو کارە بکات".
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، "ئیسرائیل لە ڕێگەی بۆردومانکردنی ماڵی دانیشتوان کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، ڕۆژانە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەستیکردووە بە وێرانکردنی ڕەفەح".
شەڕی کەرتی غەززە پێی ناوەتە 165ەمین ڕۆژی خۆیەوە، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 31 هەزارکەس برینداربوونی زیاتر لە 73 هەزار کەسیش برینداربوون، کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن.