کونسوڵی گشتیی ڕووسیا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات

ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان / وێنە - ئەرشیف
ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان / وێنە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە کورد و ئەو نەتەوانەش دەکات کە هاوشێوەی کورد ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دەگێڕن.

ماکسیم ڕۆبین کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان لە بارەی جەژنی نەورۆزەوە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەم جەژنە بۆنەیەکی ساڵانە و نوێبوونەوەی سروشت و بەهارە لەو خاکانەی کە پێشتر ڕێگای ئاوریشمی پێدا تێپەڕیووە، هاوکات گەلانی ئایین و فەرهەنگی جیاواز ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و ساڵانەش بۆنەکانی ئەم جەژنە تایبەتمەندی نوێ بەخۆوە دەبینێت.

گوتیشی: ڕووسیای فیدراڵ وڵاتێکی فرەنەتەوەییە و زیاتر لە 190 گەلی جیاوازی لە خۆگرتووە، کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانە و ڕەوەندی کوردی لە ڕووسیا نزیکەی نەوەد هەزار کەسە و ساڵانە لە 21ی ئادار بەڕێز و شکۆمەندییەوە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەگێڕن کە ئامادەکارییەکانی جەژنەکە هەفتەیەکی تەواو دەخایەنێت و ڕەسەنایەتی نەریت و جەژنەکەش فێری منداڵەکانیان دەکەن.

ماکسیم ڕۆبین دەڵێ: کورد لە ڕووسیا ڕێز لە نەریتی باب و باپیرانیان دەگرن و زۆر هەوڵدەدەن بە وردییەوە نەریتەکان جێبەجێ بکەن، هاوکات کوردەکان بە گوێرەی داب و نەریت و تایمەندییە نەتەوەییەکەی بەشداری لە فێستیڤاڵی فراوانی نەورۆزی ڕووسیاش دەکەن، لەوێ هونەرمەندە دەنگخۆشەکان بانگهێشت دەکرێن، ئەوان گۆرانی نەتەوەیی دەربارەی نەورۆز و ئەفسانەی خۆشەویستیی و قارەمانێتی دەچڕن.

کونسوڵی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ گوتیشی: ڕووسیا هەمیشە پشتیوانی لە فەرهەنگە ڕەسەنەکانی گەلان دەکات کە لەسەر خاکەکەی دەژین و دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندنی فەرهەنگیی دەڕەخسێنێت، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئاوێتەبوونی فەرهەنگە جیاوازەکان و نەریتە مێژووییەکانی نەتەوەکان ببینین.

Fly Erbil Advertisment