هیوا ئەفەندی: سەرۆکوەزیران زۆر هاوکاریمانی کردووە بۆ دروست کردنی ژێرخانی دیجیتاڵی

هیوا ئەفەندی
هیوا ئەفەندی

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕایگەیاند : لەدەستپێکی کابینەی نۆیەم، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی تەبەنی سیستەمەکانی دیجیتاڵی کردووە، هاوکاریی زۆری ئێمەی کردووە، تاوەکو بتوانین ئەو ژێرخانەی کە ئەمڕۆ بۆ سیستەمە پیشکەوتووەکان پێویستە، هەبێت.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چاکسازیی بە گشتی خۆی لە دوو بابەتی سەرەکی دەبینێتەوە، کە یەکێکیان پەیوەندی بە تاکە، واتە تاک دەبێت دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ دابین بکەی و دەبێت ئاسوودە بێت، لەهەمان کاتدا بەرپرسیارەتیشی لەسەر شانە، کە پەیوەندی بە شافیەت و گەندەڵییەوە هەیە.

گوتیشی: بابەتی دووەمی چاکسازی ئەوەیە کە ئابووریی ئەو وڵاتە ئەبێت سەرکەوتوو بکرێت، بۆیە لە هەردوو حاڵەتدا پێویستمان بەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا هەیە، بۆیە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان باسی وەرچەرخانی دیجیتاڵی دەکەن، چونکە وەرچەرخانی دیجیتاڵی ڕێک ئەو دوو ئامانجە دەپێکن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئابووریی ئەوسەردەمە ئابوورییەکی دیجیتاڵییە، لەبەر ئەوە ئێمە ئەبێت بیرمان لای ئابووریی دیجیتاڵی بێت، هەروەها پڕۆژەی هەژماری من ڕێک ئەو دوو ئامانجە ئەپێکێت، یەکەم ئەو دەرگایە بۆ تاک ئەکاتەوە کە ئەتوانێت دەستی بەخزمەتگوزارییەکان بانکییەکان بگات، وەدواتر دەرگا بەڕووی کۆمپانیاکان دەکەنەوە کە خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی پێشکەش بکەن.

دەشڵێت: لەدەستپێکی کابینەی نۆیەم، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی تەبەنی سیستەمەکانی دیجیتاڵی کردووە، هاوکاریی زۆری ئێمەی کردووە، تاوەکو بتوانین ئەو ژێرخانەی کە ئەمڕۆ بۆ سیستەمە پێشکەوتووەکان پێویستە، هەبێت؛ واتە ئەگەر ئێمە ئەو کارەمان نەکردبایە بەپێنج ساڵی دیکەش نەمان دەتوانی ئەو پڕۆژانە پێشکەش بکەین.

Fly Erbil Advertisment