داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ڕووسیا راگەیاند

ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئاهەنگەکەی مۆسکۆ بۆ زیاتر لە 175 بەرز بۆوە

گواستنەوەی بریندارانی هۆڵی بۆنەکانی کۆرکوس لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا
گواستنەوەی بریندارانی هۆڵی بۆنەکانی کۆرکوس لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی رووسیا

K24- هەولێر

ئاسایشی ڕووسیا بڵاوکردەوە بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر هۆڵی ئاهەنگێڕانەکە زیاتر لە 60 کەس کوژراون و 115 کەسی دیکەش برینداربوون، لە هەمانکاتدا ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆیی لە هێرشەکە راگەیاند.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئاسایشی رووسیا ڕایگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای چەکدارەکان، بەڵام دیار نییە لەو باڵەخانەیە ماون کە هێرشیان کردبووە سەری یان نا.

بە گوێرەی ئاژانسەکانی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە کۆشکی کرملن راپۆرتی هەر یەک لە دەزگای ئاسایش، لیژنەی لێکۆڵینەوە، پاسەوانی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی پێگەیشتووە و ئامارە سەرەتاییەکانیش دەریدەخەن زیاتر لە 60 کوژراون ناسراونەتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بن.

لەلایەن خۆیەوە رێکخراوی داعش، کە خۆی بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناساندووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام ڕاگەیەندراوێکی لە سەر هێرشەکەی ئێوارەی هەینی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە، لە دەوربەری مۆسکۆ چەکدارەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی گەورە و دواتر بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.

دەربارەی بریندارەکان میخائیل مۆراشکۆ، وەزیری تەندروستی ڕووسیا رایگەیاندووە، 115 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان و لە نێویاند پێنج منداڵ و 60 مێردمنداڵ هەن کە یەکێکیان تەندروستی ناجێگیرە.

هەروەها ئەندری فورۆبیۆڤ پارێزگای مۆسکۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (23ی ئایاری 2024) ڕایگەیاند، توانیویانە ئەو ئاگرەی لە دوای هێرشەکە کەتبووەوە، کۆنترۆڵ بکەن و ژمارەیەک هاووڵاتییش ڕزگار بکەن.

لەلایەن خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاندووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە تیرۆریستیی و خوێناوییە پێکهێنراوە.

ئێوارەی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکدار لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، هێرشیانکردە سەر ئاهەنگێک لە هۆڵی کۆرکوس و دەستڕێژیان لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کرد و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان تا وەکوو ئێستە زیاتر لە 60 کوژراو و 115 بریندار هەن، لە کاتێکدا پێشتر میدیاکانی ڕووسیا بڵاویان کردبووەوە لە هێرشەکەدا 40 کوژرا و 100 بریندار هەن.

پێشووتریش لە ساڵی 2002 دا ژمارەیەک چەکداری چیچانی لە هۆڵی شانۆیی دۆبرۆڤکا لە مۆسکۆ 912 هاووڵاتیی ڕووسیان بە بارمتە گرت و داوای کشانەوەی سوپای ڕووسیایان لە چیچیان کرد، بەڵام دواتر هێزێکی تایبەتی ڕووسی بە گازی خنکێنەر هێرشی کردە سەر هۆڵەکە و دوای کوژرانی 130 کەس توانی بارمتەکانی ئازاد بکات.