سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەڵبژاردن دەچێتە پاڵ سوودانی
K24 - هەولێر
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کارێ عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، "لە چوارچێوەی لیستێکدا کە سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا دەکات".
ئەحمەد ئەسەدی گوتیشی: "تا ئێستا سوودانی پڕۆژە سیاسییەکەی خۆی ڕانەگەیاندووە، پێشبینیش دەکرێت کە زۆرێک لە بەشداربووانی هەڵەبژاردن پەلە بکەن لە پەیوەندیکردن بە لیستەکەیەوە هەرکاتێک لیستەکەی ڕاگەیەندرا، چاوەڕێ دەکرێت سەرکەوتنێکی ئاسان مسۆگەر بکات، چونکە ئەو پیاوە لەسەر شەقامی عێراقی قبوڵکراوە".
ئەسەدی یەکەم بەرپرسی دیاری ناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە کە سەر بە گرووپە چەکدارەکانە، هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوودانی ئاشکرا دەکات، هاوکات سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سیماکانی ئەم پڕۆژە سیاسییە و بەشداربووانی دەربکەون.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا"، نووری مالیکی، دژایەتییەکی ناڕاستەوخۆی نیشاندا و لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "مەرج نییە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان یارمەتی حکومەت بدەن بۆ بردنەوەی خولی دووەم"، کە مەبەستی سەرۆکوەزیرانی ئێستایە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران پەیوەست نییە بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتوو، تەنانەت ئەگەر بگاتە 60 کورسیش، بەڵکو بەندە بە تەوافوقی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە.
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، کە دەبێتە هۆی دووبەرەکی نێوان هێزە شیعەکان، مالیکی دووپاتی کردەوە، کە هەموارکردنەوەی یاساکەی پێ باشترە لە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، ئەمەش مانای وەستانەوەیە دژی سوودانی.